مونەوەرانی ئەم زەمانە

از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
 1 دقیقه  1121 مشاهده
وەتەن پەروەر، مونەووەر، حاڵی حازر
کەسێکە چاکەت و پانتۆڵ لەبەر بێ
لەبەر ئاوێنە خۆی ڕێک خا وەکوو ژن
سمێڵێ پاک بتاشێ فێس لەسەر بێ
............................................. وەکوو کچ
بەباستۆن ڕاوەشاندن ڕێ گوزەر بێ
لە فیشاڵ کردنا بێ میسل و هەمتا
وەکووتر بێ عەمەل، بۆ کێر سوپەر بێ
لە ئاسایش وەکوو شێر بێ هەموو دەم
لە ڕۆژی زەیقەتا مەخفی نەزەر بێ
ئەگەر ویستیان بەڕێز لێی دەن بەدەستە
خەیاڵیشیان وەکو یەک سەربەسەر بێ
سەری بشوا بەقۆڵۆنیا و سابوون
دەم و چاو لووس و بێ تووک وەک فەنەر بێ
کفر کا، تڕ کەنێت و گان بدا هەم
هەموو ئیشێکی سەرتاپا زەرەر بێ
بە سەرخۆشی لە ماڵان شەو بمێنێ
هەتا ڕۆژ سەد زەبەللاحی لەسەر بێ
لە گفتوگۆ و تەکەللومدا وەکوو گورگ
لە فیعلا زۆر فەقیر، هەر چەشنی کەر بێ
وەتەن پەروەر، مونەووەر، ئەم کەسانەن
کە ساحێب فەزڵ و پڕ عەقڵ و هونەر بێ
بەگوێرەی وەزعییەت، دائیم بجووڵێ
هەموو فیعلێکی مەقبووڵی بەشەر بێ
لە فیکری میللەتا بێ کوللی وەختێ
لەناو میللەت بەخزمەت موعتەبەر بێ