شینی ژنە کوردێک

از کتاب:
چەند بەرهەمێکی بەرایی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 2 دقیقه  1518 مشاهده
١
هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ
هەی ڕۆڵە داخی گرانم بۆ تۆ
هەی کوێنم دەبەر ڕۆڵەی جەوانم
وەی قوڕم وەسەر مایەی ژیانم
دایکەکەت بمرێ ڕۆڵەی نازدارم
دەک نەژیم پاش تۆ شۆڕەسوارم
نەمێنم لەبۆ دەست و جڵەوت
کوانێ؟ بۆ نایە ئەوڕۆ هەوهەوت
هەناوم ڕەش بێ بۆ قژی ڕەشت
جەرگم خرابێ بۆ کوڵمەی گەشت
حەیف بۆ چاوی وەکو بادامت
درێغ بۆ بەژنی وەک نەونەمامت
ڕۆڵە گیان ئەتو هێشتا جحێڵی
چ وەختی وەیە من بەجێ بێڵی
هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ
بریا مردبام من لەباتی تۆ
٢
منی هەژاری پیری زگ سووتاو
چۆن پاش تۆ بژیم ئاخر شۆڕەلاو
کون کونە دڵم لەتلەتە جەرگم
بۆ تۆ تاقانەی جوانە مەرگم
شەرتە من سەرم بۆ تۆ شین بکەم
هەتا بمێنم بۆ تۆ شین بکەم
گوڵە گەشەکەم بۆ سیس بووی وا زوو
بردت بۆ ژێر خاک هەزار ئارەزوو
بۆ بەجێت هێشتم بەدبەختت کردم
ڕۆیشتی بۆ کوێ بۆ چیت نەبردم
منت بەجێ هێشت لەو کەلاوەدا
بۆ خۆت ڕۆیشتی بۆ خزمەت خودا
هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ
دێ لە دەروونم لە سوێی تۆ بۆ سۆ
٣
دەزانی بۆچی ڕۆڵەی نازەنین
دەبەستم لەسەر گۆڕت کۆڕی شین
بۆیە ناگریم ئەی لاوی خوێنپاک
بەجوانەمەرگی تۆیان خست لە خاک
بۆیە دەگریم ئەو چەرخی چەپگەرد
ماوەی پێنەدای وەکو پیاوی مەرد
لەسەر نیشتمان خۆت بەکوشت بدەی
هاوخوێنەکانی خۆت ڕزگار بکەی
بەخێوم کردی ڕۆڵە وەک بەران
تا بۆ نیشتمان بتکەمە قوربان
کەچی تۆی کوشت و نەیهێشت ئاسمان
قوربانیێک بکەم من بۆ نیشتمان
هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ
من و نیشتمان بێ کەسین ئەوڕۆ
٤
لە خاک و خوێنا ئەگەر گەوزیبای
لەسەر ئازادی و سەربەستی: بەخودای
غەمم نەدەبووی بۆت نەدەگریام
چون مردنی وا زۆر خۆشە بەڵام
ڕۆڵە بەمەرگی تەبیعی مردن
ئەویش بۆ کوردان عەیبە لەکن من
حەیف گیانەکەم حیزانە مردی
حەیف وەک پیاوی ئازا نەمردی
حەیف ئەی گەنجی خاوێن وەکو گوڵ
مردی و ئارەزووی من نەبوو حاسڵ
ئۆف ڕۆڵە مردی نەگەییم بەمراد
ئۆف ڕۆڵە مردی و کورد نەبوون ئازاد
هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ
برینی جەرگم قەت ناکرێ پەرۆ