جێژنی ئازادی

از کتاب:
چەند بەرهەمێکی بەرایی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 3 دقیقه  1564 مشاهده
نەوجەوانانی ژیر و وریای کورد
پیرەپیاوانی پیاو و ئازای کورد
بێچوە شێرانی چاپک و بێباک
تازە لاوانی میللی و خوێنپاک
نەونەمامانی باغچەی ئاوات
کاربەدەستانی حیزبی دیموکرات
ئەی ئەوانەی کە چاو بەگریان بوون
دژ و داماو، کز و پەرێشان بوون
بۆ وەتەن ڕۆژ و شەو دەگریان زار
دیتو لەو ڕێیەدا هەزار ئازار
بەش بڕاو بوون لە خۆشی و شادی
دەرکرابوون لە باغی ئازادی
موژدەبێ لێو کە پاش گەلێک زەحمەت
پاشی زۆر ڕە! و تاڵی و مەینەت
پاشی تاڵان و جەنگ و دەربەدەری
پاشی کوشتار و شین و قوڕبەسەری
پاش وەی سەد مەزن، هەزار سەردار
لەسەر ئازادی ڕۆوینە سەر دار
پاشی وەی سەد هەزار کوڕی لاوچاک
دەستی دوژمنان: لە خوێن و خاک
گەوزی بوو دایکی بۆی لە سینگی دا
بەزەیی هات بەحاڵی ئێمە خودا
یاریدەی داین و کردیە مەئموور
بۆ نەجاتدانی کوردی، هۆردووی سوور
میللەتی کوردی بێکەسی ڕزگار
کرد، لەژێر چەنگی دوژمنی زۆردار
کوردەواری بەجارێ ئازاد بوو
کوردی غەمگین بەکەیف و شاد بوو
ئاشکرا هەڵکراوە بەیرەقی کورد
هاتەوە دەستی لاوی کورد حەقی کورد
تێپەڕی ڕۆژی ڕەش نەما دەمی خەم
ڕۆژی کورد هاتەدەر لەژێر مژ و تەم
بۆمە ئەو ساڵەکە چلۆن زستان
خۆشترە زۆر، لە مانگی جۆزەردان
گەرچی ئێستا نەماوە گوڵ لە چەمەن
وەک گوڵە ڕوومەتی کوڕانی وەتەن
ئیستەکانە تەواوی میللەتی کورد
کچ و کوڕ پیاو و ژن درشت و ورد
بێ خەم و لێو بەخەندە و شادن
بۆچی چونکو ئەوێستە ئازادن
ئەی برایانی میللی و دڵسۆز
ڕۆژتان باش و جێژنەتان پیرۆز
ئەوی ئاواتی ئێوە بوو دیتو
نیشتمان سەربەخۆ و ئازاد بوو
بەیرەقی جوانی ئێمەیە ئێستا
دەیشەکێنی لە هەر بڵیندێک با
کاری خۆمان بەدەستی خۆمانە
ئێستە با کوێربێ چاوی بێگانە
تا هەزار ساڵی دیکە ئیستالین
هەر بژی یاڕەبی: بڵێن ئامین
چونکە دەربەست حەقی زەعیفانە
لاگری دیل و بێ نەوایانە
بۆ ئەوەی بێکەسان بکا مەسروور
پایەدار بێ و بمێنێ هۆردووی سوور
پێشەوامان بژی لەبۆ خزمەت
کردنی، دین و مەزهەب و میللەت
ڕەبی هەر کەس کە دوژمنی کورد بی
هەردوو چاوی دەرێ و ملی ورد بی
بمرە هێمنتخلص کە تۆ لەسەر زیادی
مایەوە، چونکو دیتت ئازادی