بیستەی «ژین»
از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
2 دقیقه
1559 مشاهده
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵەوە بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەی «ژین»دا وتراوە و لە ژمارەی تایبەتی «ژین»دا بڵاوکراوەتەوە.
سوپاس بۆ یەزدان، یەزدانی گەورە
ئاسۆی هیوای کورد بێ تەم و هەورە
ڕۆژی زانستی بەڕوونی هەڵات
لەشکری جەهل و تاریکی هەڵات
سەد شوکر میللەت ئێستە هوشیارە
لە ڕێی ژیانا زۆر خەبەردارە
هەمووی بۆ بەرزی خاکی نیشتمان
سەر و ماڵی خۆی ئەکا بەقوربان
ئەوانەی هەوڵ ئەدەن بۆ میللەت
یادیان ئەمێنێ بەقەدر و حورمەت
هەر پایەدارن ناویان زیندووە
پیاوی بێ کەڵک پەست و مردووە
گردبوونەوەمان ئەمڕۆ لەم جێیە
ئیشێکی ئێجگار جوان و بەجێیە
نیشانە و ڕەمزی تێ گەیشتنە
بەڵگەی بەرزێتی و پێ گەیشتنە
هاتووین تەقدیری ئینسانی ئیشکەر
بکەین و قەدری بخەینە سەر سەر
«حاجی تۆفیق بەگ» پیری بەغیرەت
ئەمە بیست ساڵە بەهەوڵ و هیممەت
خەریکە لەگەڵ «ژیان» و «ژین»دا
لەگەڵ ئەدەب و شیعری شیرینا
بە نوکتەی جوان و ئەشعاری وردی
ڕەواجی داوە بەنەزمی کوردی
یا خوا هەر بژی پیری پڕ هونەر
بۆمان ببێتە دەلیل و ڕەهبەر
ئەمسالی زۆر بێ لەناو وڵاتا
دەسگیرمان بێ لە ڕۆی نەجاتا
ئیتر هەر بژی «ژین» و «کوردستان»!
هەر بژی دەستەی مەعاریف خواهان!