ئەی کورد بەسیەتی
از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
2 دقیقه
2280 مشاهده
ئەی کورد بەسیەتی تاکەی ئەم شیوەن و فوغانە
بێ سوودە ئۆف و ئامان لەم عەسرە بێ ئەمانە
پاڕانەوە و کەساسی بێ کەڵکە پارە ناکا
عەزم و سەبات و غیرەت پێویستە لەم زەمانە
***
حوڕییەت و عەدالەت درۆیە بێ ئەساسە
بۆ دەس بڕینە گشتی ئەم هەموو دەنگ و باسە
گەر تەفرە خۆی بەمانە خوێنت ئەکرێتە کاسە
ژیانی کامەرانی بە هەوڵ و ڕەنجی شانە
***
ئەم خاکە پاکە عەینی بەهەشتە حەیفە وا بێ
وێران و سووک و بێکەس، ئەسیر و بێ نەوا بێ
ئەم حاڵە تاڵە بەسیە تاکەی ئیتر ڕەوا بێ
شەوگاری شووم بەسەرچوو، گەرد و گوڵی بەیانە
***
ئەگەر بەشێنەیی بێ ڕەنجت هەموو بەبایە
چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی سیرعەت و کەهرەبایە
ئیش کەن بەدەست و بردی، فرسەتە، وەرنە کایە
گەلی چالاک و خێرا سەربەرز و شادمانە
***
ئەم کوردە گوردە ئێستا کە بێ کەس و هەژارە
ملی بۆ شیری دوژمن خوار و کەچە و لەبارە
قەومێکی هێندە نەبەردە یەکی بەشی هەزارە
خوا گەورەکانی بگرێ بێ کەڵک و هیچ نەزانە
***
دەخیلە لادە بێکەساتخلص لەم کەڵکەڵە و خەیاڵە
بڵێ بەساقی هەستێ بۆت پڕ بکا پیاڵە
ئەم پەند و شیعری تۆیە بێ قیمەت و بەتاڵە
میللەت کە بێ زەعیم بوو ژیانی زۆر گرانە