هەر کەسێ عاشیق بە خورشیدی جەماڵی دولبەرە

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  894 مشاهده
هەر کەسێ عاشیق بە خورشیدی جەماڵی دولبەرە
سەرفرازی هەر دوو دونیایە بە دڵ نیک ئەختەرە
خاکی غوربەت کیمیایە بۆ کەسێ خاوەن دڵە
قەترە لەم گەردی یەتیمی وشک ئەگەر بوو گەوهەرە
بەد عەمەل سەد نەفرەتی بە دواوە ئەڕوا ڕۆژ و شەو
شاهیدی حوسنی عەمەل تەحسینی بۆ سەد زیوەرە
مەسڵەحەت بۆ قەترە وایە مەحوی دەریا بێ ئەبەد
جاهیلە گەر خۆی لە دڵدا ئارەزووی بۆ گەوهەرە
مەنسەبی گەوهەر فرۆشی بۆ ئەدەب مەخسوس نییە
هەر سەداێ گەر لە خامۆشی هەڵسێ گەوهەرە
من لە سەیرانی نەفس نازانم ئەو بۆ کوێ ئەچێ
ڕیگەیی شوعلە ئەزانم چەندە تا خاکستەرە
هەروەکو شەونم لە گوڵشەن دا لەسەر بەرگی گوڵان
فەیزی ئاو دانەی مورغم لە دوو چاوی تەڕە
ئەهلی دونیا عاشقی جاهن لەبەر بێ دانستی
ئاگری سۆزان لە چاوی کودەکی نادان زەڕە
تالیبی کەعبەی ویسالم وا بە دەشت وهەردەوە
گەر لە پێ کەوتم لە هەر کوێ ئاستانی دولبەرە
من ئەگەر ئەسبابی پەروازم نەبێ باکم نییە
تایری ڕەنگی شکستی خاترم باڵ وپەڕە
ڕاحەتی فەقرت لە جاهو سەروەتا دەست ناکەوێ
خاکی ساحیل قیمەتی خۆی گەر بزانی جەوهەرە
فاسیدی حەرفی لە زاری دولبەرم گەر پێ بڵێ
خادیماتخلص لای من بەڕاستی ئەو کەسە پەیغەمبەرە