بسم الله الرحیم

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 4 دقیقه  1055 مشاهده

شوکر و سوپاسێکی زۆر و بێ ژمارە و حەمد و سەنای بێ قیاس بە ژمارەی ستارە قابیل و لایق بە خودایەکە کە لە قەترەی ئاوەوە سەروباڵایەکی خەلق کردووە و لە قەترەیەکی باران گەوهەری لەناو سەدەف داناوە، بێ هەمتایەکە کە هەر حەرفی لە لەوحی زوبان بە غەیری ئەسمائی شەریفی ئەو جاری بێ باتیلە، وە نەقشی سەحیفەی قلووب بەجوز تەحریری سیفاتی حەمیدەی زایلە وە فەردیەت و تەنهای ئەو لە دەرکی ئیدراکی ئەزواجی فیترەت ئیمکان مونەززهە وە موعەڕڕایە، وە ئەحەددیەتی لە فەهم و عیلمی تاق و جووتی ئیمکان کەمالا عەرانی موقەددەس موبەڕڕایە، وە گۆشەنشینانی زاویە و خەڵوەتخانەی دڵ و موجەڕڕەداتی ڕێگای عەقڵ ڕێگایان بە نوقتەی ئەحەددیەتی نەبردووە.

تەقریری چی بدەم؟ چ بڵێم من لە زاتی ئەو؟
تەحریری چی بکەم کە هەموو لایەکم خەتان

لە جێگای کە حەزرەتی ئەشرەفی ئینس و جان (ص) بفەرموێ:

«ما عرفنا حق معرفتاک یا معبود»، من بڵێم چی و خاکی کوێ بەسەر خۆما بکەم، وە ڕەززاقێکە ئەگەر دایکی زەمان لە یەک لەحزە ملیونێ ئەولاد بێنێتە وجودەوە لە خەزێنەی بێ درێغی یەک نقووس بێ رۆزی نامێنێتەوە وە موددەعی سەناخوانی جەلال و عەزەمەتی ئەو هەرزەگۆیە ئەگەر پشکوتنی گوڵی حەمد و سەنای ئەو ئەمەیە کە دێتە سەر زوبان وە لەسەر نووکی خامەی عیجزەوە ئەڕژێتە سەر سسەحیفەی دیوانەوە غونچەی خامۆشی و بێدەنگی قابیلە زیاتر خۆی بپێچێتەوە سەری نەدامەت و خەجاڵەت بخاتە بەرۆکی خۆیەوە، ئەگەر ئاشکراکردن و نیشاندانی دەفتەری عیلم و مەعریفەت ئەمەیە کە ئێمە ئەیکەینەوە وە نیشانی ئەدەین مەعنای نەزانی هەزار مەرتەبە فەهمیدەترە و هەر گاه وەسفی کیبریایی ئەو لە بێدەنگی ئەپرسم ئەڵێ هاوار بکە وەقتی سوراغی لە زوبان و گفتگو ئەکەم ئەڵێ بێ دەنگ بە، عیلم و عیرفان و خیرەد بۆ دەرکی ئەم ئەسرارە هاوسەری جەهل و نەزانینە وە هۆش لە پەردەی تەحقیق و زانینی ئەم حەقیقەتە نیقایی شێتی و دێوانەگی بەسەر ڕووی خۆیا کشاوە وە هەر کەسێ بیەوێ تەمەننای ویسالی بکا و لە ساغیری عیشقی ئەو جورعەی بادەی زوڵاڵی محەببەت بنوشێ ئەبێ بە عیجز و خاکساری بە نیستبەتی لە مەقامی هەستی و خودبینی بێتە دەرەوەو لە موڵکی کەمناوی و فەنادا جێگا بگرێ وە مردن لە پێش مردن وە بوونەوە خاک له پێش ئەوەی بێتە خاک ئیختیار بکا و مورغی جان پەروانەی بە ئەوجی کبیر بە پەڕ و باڵی سووتاو و هەڵرژاو نەبێ ئیمکان نییە وە عەقڵی سالم زەڕڕەیێ دەرکی ئەسراری ئەم حەقیقەتە بکا ئەبێ لە سەحرای جنوون مەشقی وەحشەت بکا چونکی ئەم مەکتەبە یێ دەرکی دەرکەوە ک بێ شعووری شعوورەوە ڕاهرەوی ئەم ڕێگایە پڕ دار و دڕک و شیوە ئەبێ بە چرای شەریعەتی غەڕڕای محەممەدی (صلی الله علیه وسلم) قەدەم لە ڕێگادانی و بە دەستیاری و پەیرەوی حەزرەتی شاهی لولاک کە جیلوە و شوعلەی بێ ئەندازەی ئەو چرایە کە بۆ ئەم شەبستانە و هەر بەم تەرزە هەزار هەزار سەلات و سەلام لەسەر لە سەر روحی پڕ فتووحی حەزرەتی خاتم الانبیاء علیه الصلوة والسلام وجوودی موبارەکی خاتەمێکە بەجوز نەقشی «هو الله»ی لێ نەقش کراوە وە عاشیقێکە لە شەوی ئەسرای ویسال لە خەڵوەتخانەی «أبیت عند ربي» بە بادەی زوڵالی محەببەت مەستی حوزوور بووە، وە بە خەڵاتی «لولاک» سەرئەفراز بووە، لە وەقتی عرووجیا ئەم شیعرە وترا:

مەلایک سەف بە سەف هاتن بە ئیستیقبالی ئەم شاهە
لە بۆ رەسمی تەحییات و هەدییات و سەناخوانی
بە ئەوجی کیبریا قووەی لە پەروازا نەما جبریل
لە ڕێگادا بەجێ ماوە ئەویش توندتر بوو بۆ سەیرانی

زەهی سەعادەت بۆ دوردنۆشانی ساغەری ئەم مەیخانەیە کە هەر یەک بە نەوعێ کەوتوونە حاڵاتی مەستییەوە، یەکێت لە حاڵی ئیستغراقا، وە نەعرەی «سبحانی» ئەخاتە دنیاوە، یەکێ جانفیداکارانە هاواری «أناالحق» لە سەری دارەوە بڵند ئەکا، یەکێ لەژێر باری ئەمانەت دوولا ئەبێتەوە، یەکێ لە سۆزی دەروونەوە بە ئەشعاری نەغز و مەستانە شۆری جنوون ئەخاتە دنیاوە وە هەر چی هەیە جیلوەی ئەوەیە دێتە زهوورەوە و کۆبوونەوەی ئەم ئاو و شەپۆلە کە بووە بە دەریای موحیت و جۆشی ئەم بەهارە گوڵ و لالەی هێناوەتە پێشەوە وە لە خاتیمەدا هەرچی ئەیبینی جیلوەی عیشقە کە بە هەزار نەوع ئەنوێنێ.

تەواو بوو دیباجەی دیوانی بەهارئارای عەشق کە لە هەڵبەستە کوردییەکانی خادم لە شاری سلێمانی وتراوە.