لە خەڵوەت سەر بەزانۆ بۆ سەفەر چووم

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  804 مشاهده
لە خەڵوەت سەر بەزانۆ بۆ سەفەر چووم
بە ئومێدی ویساڵ بۆ ڕێی خەتەر چووم
لە خەوما پێ گوتم دولبەر وەرە لام
بە بێداری بەپێ چووم و بەسەر چووم
گوڵی باغی جوانی نەوبەهارم
خەزانم وا بەسەر هات و بەسەرچووم
چە شۆری خستە عالەم جیلوەیی یار
تەعەجوب مام و بۆ کەشفی قەمەر چووم
بە پیریی کەوتمە ڕێی شاری محەببەت
بە بێ پایی بەسەر چووم تا بەسەر چووم
وەکو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی
بە بێ پەروا لە بۆ جۆشی شەرەر چووم
لە ڕێی هات و نەهاتی عاشقی دا
ئەوا چووم من ئەگەر هاتم ئەگەر چووم
بە نەومێدی وەکو ناڵەی دڵی کوڵ
لە نیوەی شەو بە دونباڵی ئەسەر چووم
وەکو شەونم لە شەوقی ئافتابت
موهەییا بووم لەگەڵ جیلوەی سەحەر چووم
بە قەسدی کوشتنم بوو بانگی کردم
لە خۆشی دەعوەتی بووبێ سوپەر چووم
بەحەلقەی عاشیقان خادیمتخلص هەتا چووم
چە چوونێ بوو! بەسەد خوێنی جگەر چووم