کورتەی «ئۆدیسە»ی هومێر

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 15 دقیقه  1667 مشاهده

شاری ئەستەم و شوورەداری «تروادا» پاش گەلێک قەڵاداری و دەستەوەکەری و بەرگری و شەڕ و کێشە و خوێنڕێژی و قات و قڕی بە دەس دەگیرێ و بە جارێکی تەخت و خاپوور دەکرێ.

هێرشبەرانی کۆڵنەدەر، پاڵەوانان و مەردانی گەمارۆدەر و دڵاوەرانی نەبەز، سەرخۆش لە بادەی زاڵبوون و ئازایەتی دەگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵ و منداڵ و کەسوکار و خاووخێزانی خۆیان.

لەم نێوەدا تەنیا «ئۆلیس»ی کەللەڕەق، سەربزێو و چاونەترسی پاتشای «ئاتاک» لە ترسی هەڕەشەی «نپتۆن» خوای دەریایان هەڵوەدا و ئاوارە دەبێ. «پنلوپ» ژنە جوانەکەی و «تلماک» ڕۆڵە تاقانەکەی هەر چاوەڕوانن و چ سەر و سۆراغی نییە. ساڵ و مانگ تێپەڕین و ئەو هەر بێ سەروشوێنە. دوژمنانی «ئۆلیس» و گیرۆدەکانی ئەوینی «پنلوپ» دەرفەتیان هێناوە و مرخیان لەو نازدارە شۆخ و شەنگە و لەو ژنە جوان و چەلەنگە خۆش کردووە و هەریەکە خەریکن بە فێڵێک ئەم ژنە پاک و خاوێنە بە دەس بگرن. بەڵام «پنلوپ» ژیرانە هەر کامەی بەجچەشنێ تەفرە دەدا و بۆ گەڕانەوەی مێردەکەی ڕۆژ ئەژمێری دەکا. لەلایەکی دیکەوە بە یارمەتیی «مینروا» خوای ئەقڵ، کوڕەکەی وەدوای شووەکەی خستووە گێژاوی توند و تیژ و بێبەزەیی دەریا جارێکی دیکەش پەلاماری شێتانەی بردە سەر کەشتی سەرگەردان و بێپەنای «ئۆلیس» و پێش ئەوەی کەشتییەوانەکانی وەخۆ کەون و چارەیەک بدۆزنەوە کەشتییەکەیان لە بەستێنی «ئوژیژی» لە قوڕ دەنیشێ. ئەم دوورگە بنکەی ژنە جادووگەرێکی زۆرجوان بوو کە ناوی «کالیسپو» بوو. هەر لە یەکەم نیگادا دڵی چووە سەر «ئۆلیس» و ویستی دەستی دەگەڵ تێکەڵ بکا و دەگەڵی بمێنێتەوە. بەڵام سەرداری مەزن دڵی لە جێگایەکی دیکە بوو. ئاواتی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و زێدی خۆشەویست و دیداری ژنە وەفادارەکەی و ڕۆڵە نازدارەکەی دەیتواندەوە. بۆیە هیچ ڕووی نەدایە و خۆی تێنەگەیاند. جادووگەریش بەڕقدا چوو و سوێندی خوارد تا مابێ لەم دوورگەدا زیندانی و دەسبەسەری بکا.

«ئۆلیس» ماوەی هەشت ساڵ لەم دوورگەدا دەسبەسەر بوو. ڕۆژانە لە کەنار دەریا لەسەر گاشەبەردێکی دادەنیشت و فرمێسکی هەڵدەڕشت و بە خەمناکی لە ئاسۆ ڕادەما.

پەرێشانی و لێقەوماوی گەییبووە ڕادەیەک کە خودایان هەموو بەزەیییان پێدا دەهات بەڵام «نپتۆن» خوای دڵڕەق و ڕق ئەستووری دەریا، بڵێسەی قینی دانەدەمرکاوە. ئاخر ئەو چۆن لە کەسێکی یاخی و سەرکێش و نەترس دەبوورێ کە خۆی لەو بە کەمتر نەدەزانی؟

ڕۆژێ «مینروا» خودای ئەقڵ پێیزانی کە «نپتۆن» سەفەرێکی دوور و درێژی لەپێشدایە و وا زوو ناگەڕێتەوە بە هەلی زانی و ئۆلیسی سواری تەختەیەک کرد و ناردیەوە بۆ وڵاتی خۆی. بەڵام بۆ بەدبەختی نپتۆن ئەوەندەی پێنەچوو و گەڕایەوە کە ئەوەی دی چاوی چووە پشتی سەر. یەک بەخۆی نەڕاندی و فەرمانی بە گەواڵە هەوران دا. پاڵ وێک بدەن و شۆرابە بەربدەنەوە و یارمەتیش لە ڕەشەبا و گێژەلووکە وەربگرن. بەم جۆرە فەرتەنەیەکی نایەوە کە بە چاوترووکانێک تەختەی ئۆلیسی چارەڕەشی تێکوپێک شکاند و ورد و خاش کرد. ئۆلیسی بێچارە کەوتە نێو نێرینەی دەریای بێئامان و وەپەلەقاژە کەوت. بەڵام لەم جەنگەدا «ئینۆ» پەریی دەریایی بە چاوی ئەنگاوت و زگی پێ سووتا و تیتوڵێکی لە ڕووپۆشەکەی خۆی دڕاند و بۆی هاوێشت و گوتی:

«لە نێوقەدی خۆتی ببەستە دەتگەیەنمە وشکایی»

ئۆلیس کە لە سەرەمەرگدا بوو بە قسەی کرد. بەڵام بوورایەوە و ئاگای لە خۆی بڕا. کاتێ وەخۆ هاتەوە خۆی لە بەستێنی دوورگەی «فیناس» دی.

ئەمشەوە «نازیکا» کچی فەرمانڕەوای «فیناس» خوای خوایانی خۆیانی لەخەو بینی:

کە فەرمانی پێ دا بەیانی زوو هەستێ جلی باوک و براکانی بەرێ لە دەریا بشوا. بەیانی زوو دایکی چێشتێکی باشی بۆ دروست کرد و گۆزەیەکی شەرابی کۆن و دەفرێکی پڕ زەیتوونی دایە و خزمەتکاری دەگەڵ ناردن بۆ لێواری دەریا.

کیژەکان تازە لە سەردەمی کەناری دەریا دەستیان بە یاری و گاڵتە و گەپ کردبوو. کە دیتیان کەڵەپیاوێکی بەشان و باهۆ و بە دار و بار و کەڵەگەت، بەڵام شپڕزە و خوێناوی و بریندار لەبن گابەردێک هاتە دەر. خزمەتکارەکان کە چاویان پێکەوت ترسان، زیڕاندیان و هەڵاتن. ئەمما نازیکا ئازایانە بەپیرییەوە چوو و ماندوو نەبوونی لێ کرد ئۆلیس کە لەبەر بێهێزی و شەکەتی و برسایەتی توانای نەمابوو. بەسەرهاتی خۆی بەکورتی بۆ گێڕاوە. نازیکا، نان و چێشت و شەرابی بۆ دانا. تا تێر و پڕی خوارد و ئاهێکی هاتەوە بەر. ئەمجار پیلی گرت و بردیە کن باوکی «ئالینووس» فەرمانڕەوای دڵپاک و پیر و زوڕهان پێشوازێکی گەرم و بەخێرهاتنێکی زۆری لێ کرد و لە حاڵ و ئەحواڵی پرسی. ئۆلیس پاش ڕۆژێک حەسانەوە سەرگورشتەی خۆی وا بۆ گێڕاوە:

(من ناوم ئۆلیس کوڕی «لائیرتیس» پاتشای ئیتاکم لە سەرانسەری یۆناندا کەسێ نەبوو ناوبانگی منی نەبیستبێ و داستانی ئازایەتی و نەبەزی و تاریفی هێزی باهۆی منی نەزانیبێ. شوورەتی دلێری و بوێری من هەر لە دنیادا نەما و گەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان. بۆیە خودایان لێم تووڕە بوون و تووشی ئەو هەموو بەڵایانەیان کردم. نەیانهێشت بگەڕێمەوە زێد و نیشتمان و نێوماڵ و خێزانی خۆم.

کاتێک گەمارۆی تروادا دوایی هات. من لەشکرەکەی خۆم گێڕاوە و ڕووم لە وڵاتی خۆم کردەوە. بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژدا دەریا بەگژماندا هات. چوار شەو و ڕۆژ ئێمەی وەک زلە کایەک خستە بەر شەپۆڵە بێئامانەکانی خۆی. ڕۆژی پێنجەم شەپۆڵەکان هێور بوونەوە. خۆمان گەیاندە دوڕگەیەک کە ئی هۆزی «سیکۆن» بوو لە پێشدا ئێمە هێرشمان بردە سەر ئەو هۆزە وەحشییە و تاڵان و دەسکەوتێکی باشمان وەگیر کەوت. بەڵام بەیانی کوڕە کوڕەی هۆزەکە لێمان وەخۆ کەوتن و کوشتارێکی باشیان لێ کردین و بەزەحمەت خۆمان ڕزگار کرد.

کاتێک کەشتیی ئێمە کەوتە ڕێ هەوا نەرم و خۆش بوو و هەتاوی بەتین و گەرم تیشکی زێڕین و جوانی خۆی بەسەر دەریای شین و هێمندا بڵاو دەکردەوە و چاو لە دیتنی تێر نەدەبوو. بەڵام ئەوەندە پێ نەچوو هەوا ئاڵۆز و تووش بوو. با و تۆفان و گەردەلوول گێژەنەیان نایەوە. پاش نۆ ڕۆژ خەبات و بەرەنگاریی ئازایانە لە بەستێنی دوڕگەی «کنار خۆران» لەنگەرمان گرت. لەم دوڕگەدا هۆزی «کنار خۆران» دەژین. بەشێکی ئێمە دابەزین و چوونە ئاوەدانی بەشکم نان و ئاوێک پەیدا بکەن. ئەوان لەوێندەرێ بە خواردنی میوەیەکی شیرین کە پێی دەڵێن «کنار» سەرخۆش و گێژ و وێژ بوون و لەبیرەخەو ڕاچوون و هێزی وەیان نەما لە جێگای خۆیان ببزوون. بە زۆرەملێ و پاڵەپەستۆ هەرچۆنێک بوو گەیاندماننەوە کەشتی و بەپەلە دوور کەوتینەوە نەوەک فێری خواردنی ئەم میوە بین و هەتا دەمرین لەوێندەرێ دایکوتین.

سەفەری ئێمە لە دەریای تۆفانیدا هەروا درێژەی بوو تا گەیشتینە وڵاتی «سکلوپ» یا سەرزەمینی غوولانی یەک چاو. لەنگەرمان گرت و دەگەڵ دوازدە هاوڕێ بۆ پەیدا کردنی تێشووی ڕێگا بەڕکە و هەورازەکاندا هەڵگەڕاین. لەوێ تووشی ئەشکەوتێکی زۆر گەورە بووین. کە بەڕێز، مەشکەشیر، پێستە پەنیر، خیگە ڕوونی لێ داندرابوون. لە خۆشییان شاگەشکە بووین و هەڵپەڕین و چاوەڕێی خاوەن ماڵی دەوڵەمەند بووین. تا بگەڕێتەوە و ئازووخەیەکی زۆری لێ وەرگرین.

کە زەردە پەڕی و ڕۆژ ئاوا بوو پیاوێکی زل و زەبەلاح و خوێنتاڵ و دزێو کە تەنیا چاوێکی لە نێوچاوان بوو. دەگەڵ ڕانێک مەڕ گەڕایەوە ئەشکەوت. پەزەکان هەموویان لە خۆی قەڵەوتر بوون کە چاوی پێمان کەوت و بە دەنگێکی وەک هەورەتریشقە کە هەموو ئەندامانی لەشمانی لەرزاند گوتی: ئەی بێگانە کێن؟ لە کوێوە هاتوون؟ لێرە چ دەکەن؟ ئێمە لەسەرەخۆ وەڵاممان داوە: ئەی خانەخوێی مەزن ئێمە پۆلێک لە لەشکری یۆنانییانین لە شەڕی تروادا دەگەڕێینەوە. ماوەیەکە ڕێگامان لێ گۆڕاوە و ئازووخەمان لێ بڕاوە و چمان نەماوە و ئێستا پەنامان بۆ ئێوە هێناوە کە لە ڕێگای «زئوس»دا ئەمشەو پەنامان بدەی و بەیانی کەمێکمان ئازووخە پێ کەرەم بفەرمووی. وەڵامی ئەو بە ڕقەوە بۆ ئێمەی لێقەوماو ئەوە بوو: ئەی چارەڕەشینە ئێوە بەهەڵە چوون کە پێتان وایە ئێمە بەندەی زئوسین. خوای ئێمە نپتۆنە. ئەمجار هەستا و بەردێکی یەکجار گەورەی بە زارکی ئەشکەوتەکەوە نا. پاشان دوو کەسی لێ هەڵبژاردین و بە هاسانی پچڕ پچڕی کردن و لەپێش چاوی ئێمە زۆر بە ئیشتیاوە خواردنی و پێکەنی گوتی شێوی ئەمشەوم ناخۆش نەبوو. دوایە لەسەر لۆدەکایەک کە لە قوژبنی ئەشکەوتەکە هەڵدرابۆوە لەسەر گازەرای پشت ڕاکشا و خرپ خەوی لێ کەوت. لەپێشدا ئارەقەیەکی ساردم ڕێ نیشت. بەڵام دوایە غیرەتم بزووت و ئاگرزی تووڕەیی هەموو لەشی داگرتم و مووم لێ بوونە نەشتەر. نیازم وابوو شیرەکەم هەڵکێشم و بە هەموو هێزی خۆم لەسەر دڵی ڕۆکەم. بەڵام دوایە بیرم کردەوە ئەگەر بیکوژم دەبێ هەموومان لەم ئەشکەوتەدا بمرین و بڕزین. چونکە دەمزانی جگە لە خۆی کەس ئەم بەردەی بۆ لە دەرکی ئەشکەوت ناکرێتەوە.

بەیانی زوو هەستا ئاگری کردەوە، پەزەکانی دۆشین ڕسقەکەی ڕەعەمەل هێنا و دوو کەسی دیکەی ئێمەی برژاندن و خواردنی و دەم و لەوسی لستەوە و مەڕەکانی دەرکردن و بەردەکەی بە زاری ئەشکەوتەوە نا. ئەو ڕۆژەی هەر ئەوەندەمان پێ کرا شینی دۆستانمان بگێڕین. دوای زۆر لێکدانەوە بیرێکم بە مێشکدا هات. لە گۆشەیەکی ئەشکەوتەکەدا دارێکی زۆر گەورەی زەیتوون هەڵپەسێردرابوو. دەگەڵ دۆستان بەزەحمەت نووکمان تیژ کرد و لە ئاگرمان نا تا باش داگیرسا. شەو کە غوولی یەک چاو هاتەوە، چوومە لای و گۆزەیەکی شەرابی توند و کۆنمان پێ مابوو بۆم برد و گوتم قوربان! ئەو دیارییەت دەدەمێ بەو مەرجە بەرم بدەی. غوول وەریگرت و یەکبین بە سەریەوە نا و گوتی: شەرابێکی زۆر باش بوو. ئەی بێگانە ناوت چییە تا من وەبیرم بێتەوە. گوتم: قوربان ناوم هیچکەسە دۆستان هەر پێم دەڵێن هیچکەس. گوتی: ئافەرین هیچکەس بەڵێنت پێ دەدەم تۆ لە دوای هەمووان بخۆم.

شەراب کاری خۆی کرد؛ خاوی کردەوە، گێژ بوو و بە پشتەوەدا کەوت و لە غورابی خەوێڕا چوو. ئیتر خۆگنخاندن کەڵکی نەبوو بە یارمەتیی شەش کەس لە یاران دارە زەیتوونمان لە ئاگردا سوور کردەوە و بە هەموو هێزی خۆمان لە تاقە چاوەکەمان ڕۆ کرد. چاوی سووتا و یەک بە خۆی نەڕاندی کێو و دەشت دەنگی دایەوە و ئەشکەوت لەرزی، هێندەی پێ نەچوو ئەو غوولانەی لەم دەوروبەرە بوون داوەڕووکان. ئێمە هەموو خۆمان شاردەوە و چاوەڕوانی چارەنووسی خۆمان بووین. غوولەکان لێیان پرسی: چ بووە؟ کێ وای لێ کردی؟ ئەو کە لە تاوی ئێش و ژان وەک مار جینگڵی دەدا لە وەڵامدا دەیگوت هیچکەس، هیچکەس، دۆستەکانی وای بۆ چوون ئەم بەڵایە «نپتۆن» بە سەری هێناوە و هیچ لە دەس ئەوان نایە و ڕێی خۆیان گرت و ڕۆیشتن.

غوولی بریندار و کوێر و کوتر بەردی زارکی ئەشکەوتی لابرد. تا مەڕەکان بڕۆن. دەستی بە پشتی هەموویان دادەکێشا تا بزانی خۆمان بە پشتیانەوە قایم نەکردووە؟ تا بمانگرێ و تۆڵەمان لێ بکاتەوە. بەڵام ئێمە کە خۆمان بە بەر زگی بەرانەکاندا هەڵاواسیبوو ڕزگاریمان هات. مەڕەکانیشمان وەپێش خۆماندا و خۆمان گەیاندەوە کەشتی. من گاڵتەم پێکرد و گوتم: من پاتشای ئاشتاکم. غوولی نیوەگیان بەردێکی گەورەی هەڵکەند و تێی هەڵکردین. باش بوو دوورتر لە ئاو کەوت، دەنا لەوانە بوو کەشتییەکەمان غەرق بکا.

لەوێوە بەرەو ماڵ گەڕاینەوە. بەڵام سەفەرەکەمان چەند ڕۆژ لەبەر تۆفان درێژەی کێشا. ڕۆژێک گەیشتینە دوڕگەیەکی پان و پۆڕ کە زانیمان بنکەی «ئایوولووس» پاسەوانی بایەکانە. کە بەسەرهاتی سەیر و سەمەرەی خۆمانم بۆ گێڕاوە؛ هەمبانەیەکی پڕ لە بای دامێ. گوتی: بەهێزی خۆم بایەکانم تێدا بەند کردووە، بەڵام نەکەی زاربێنە زێڕینەکەی بە هیچ بارێک بکەیەوە. کە بایەکان بەرەڵڵا دەبن و دەسبەجێ پاپۆڕەکەت تێک دەشکێنن زۆرمان سوپاس کرد و بە تیشوو و ئازووخەیەکی تەواوەوە کەوتینە ڕێ بەڵام دوو ڕۆژ لە سەفەری ئارام و ئاسوودەی ئێمە تێنەپەڕیبوو کە: هاوڕێکانم بیریان کردبووەوە کە «ئایوولووس» بێگومان گەنج و گەواهیراتێکی زۆری بۆ من لە هەمبانەکە کردووە و ڕەنگبێ بەشی وانی لێ نەدەم. خۆیان پێ ڕانەگیرابوو و زاربێنەکەیان کردبۆوە. لەپڕ هەوا گۆڕا با هەڵی کردێ تۆفان پەیدا بوو. دیسان گەمیەکەمانم کەوتەوە فەرتەنە و داڵی مەرگ بە سەرماندا دەخولاوە. بە هەزار ناری عەلی گەیشتینە دوڕگەی «سیرسە»ی جادووگەری بەدفەڕ لەوێش گوڵمەزی وامان بەسەرهات لە گێڕانەوە نایە. هەر چۆنێک بوو لەو موڵەکەش ڕزگاریمان هات. پاشان چووینە دوڕگەی «ترزیاس» شوانی مێرخاس زۆر پیاوانە و بە ڕووخۆشانە دەگەڵمان جوولاوە. بەڵام هاوڕێکانم ئەوەندە تامەزرۆ بوون چەند مەڕی ئەویان کوشتەوە و خوارد. «هیلوس» خوای هەتاو ئەو نامەردییەی بەدڵ نەبوو گازندەی بردبووە بەر «زئوس» خودای خودایان بڕیاری دابوو تۆڵەیان لێ بکاتەوە. بۆیە کە ئەو دوڕگەمان جێهێشت تۆفان کەشتییەکەمانی تێک شکاند و بەتەنێ من دەرچووم. ماوەیەک لەنێو دەریادا مەلە و پەلەقاژەم کرد تا گەیشتمە دوڕگەی «ئوژیژی» هەشت ساڵ لەوێ دەسبەسەر بووم تا بە تەختەیەک نەجاتم بوو و ئێستا ئەوە لێرەم دەبینن).

کاتێک سەرگوزشتەی ئۆلیس دوایی هات هەموو زگیان پێ سووتا. پاتشای فیناس کەشتی بۆ ئامادە کردن و پیاوی دەگەڵ خستن و بەڕێی کرد. کە گەیشتە بەندەرگە خودای ئەقڵ خۆی گەیاندێ و پێی ڕاگەیاند کە هەر ئێستا تەواوی دوژمنانی لە کۆشکەکەی ئەون و ئەگەر بە ئاشکرایی بچێتەوە لەوانەیە بە هەمووان سواری سەری بن و بە خۆڕایی بیکوژن. وا چاکە جلی هەژارانە لەبەر بکا و بچێتە کۆخی کۆنە دۆستەکەی «ئۆمائوس» ئۆلیس بە قسەی کرد و لەوێ لاوێکی جوانچاک و ڕێکوپێک و بە شان و باهۆی چاو پێکەوت بە درۆشم زانی کوڕەکەی خۆیەتی. باوک و کوڕ پێک شاد و شوکر بوون و پاش نیزیکەی بیست ساڵ یەکتریان لە ئامێز گرت و ماچ کرد.

شەوێ بە جلی شڕەوە چووە کۆشکی خۆی. کە لە دەرکی وەژوور کەوت سەگە پیر و نەخۆشەکەی «ئارتوس» کلکەسووتەی لەبەر کرد، سواڵکەرێکی خوێڕی زانی ئەو ڕێبوارە، هەژارە، ڕووتەڵە جگە لە ئۆلیس نابێ کەسی دیکەبێ. دەسبەجێ خەبەری بۆ «ئاینتووس» کە یەکێک لە سەرداران بوو برد. ئەو ئەگەرچی بڕوای بە سواڵکەرەکە نەکرد. هەستا و چوارپایەکی بەهێزی خۆی لە تۆقی سەری ڕاکێشا. ئۆلیس تێک هەڵگلا و بە تووڕەیی هەستاوە و خەریک بوو تۆڵەی بکاتەوە. بەڵام خودای ئەقڵ تێی ڕاخوڕی. ناچار لە سووچێک خزا. «ئاینتووس» دڵنیا بوو کابرا بەهەڵە چووە.

لە ژووری تالار هەرا بوو. «پنلوپ» کەوانە گەورەکەی ئۆلیسی بە دەستەوە بوو و دەیگوت:

«دوا هەلتانە هەر کەس توانی کەوانی مێردەکەم بکێشی و تیرێکی پێ باوێ شووی پێ دەکەم».

هەموو ئەم پێشنیارەیان قبووڵ کرد و بە فیزەوە ئامادەبوون. بەڵام هەرچی قەوەیان دا بەخۆ و هەوڵیان دا نەیانتوانی کەوان بکێشن. تا لەدواییدا ئۆلیس هاتە پێش هەموو بەوە پێکەنین کە هەژارێکی پیر و زورهان دەیەوێ هێزی خۆی دەگەڵ هێزی لاوانی بەناوبانگ تاقی بکاتەوە. بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوان کەوانی تا ئاخر کێشا و تیرێکی توندی هاوێشت.

ئەمجار جلە شڕەکانی لەبەر خۆی داڕنی و نەڕاندی:

«ئەی زۆردارانی خۆپەرست ئەو کەسەی لە بەرامبەر ئێوەدا ڕاوەستاوە کەس نییە، ئۆلیس نەبێ کە پاش گەلێک ساڵ دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی و دەبینی دۆستانی خەیانەتی پێ دەکەن»

تلماکیش بە جلی زێڕکفت و ڕەنگاوڕەنگەوە هات و لەتەنیشت باوکی ڕاوەستا. ئۆلیس کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لە ئەوکی ئاینتوو دا و لە حاڵێکدا کە جامی شەرابی زێڕینی بە دەستەوە بوو لە خوێنی خۆی گەوزی.

کە ئەو کوژرا ئەوانی دیکە وەخۆ هاتنەوە. بەڵام هەرچی لە نێزە و شیر و مەتاڵی خۆیان گەڕان نەیاندۆزینەوە. چونکە تلماکی ژیر و وریا لێی شاردبوونەوە مێزیان شکاندن و کورسییان دەس دانێ و ڕاماڵیان بۆ ئۆلیس برد. بەڵام لە بەرامبەر هێزی باهۆ و تیری گرچووبڕی ئەودا خۆیان نەگرت و توانایان نەبوو هێندە پێ نەچوو هەموو لە خوێنی خۆیاندا تلانەوە.

پاڵەوانی مەزن ژنە خۆشەویستەکەی لە ئامێز گرتەوە و پاش بیست ساڵ ئاوارەیی، بەختەوەری ڕووی تێ کردنەوە.