ڕێزی نان بگرن

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 7 دقیقه  1447 مشاهده

پیاوێکی باڵابەرز، مووکەژ و چاوکاڵ بوو، نموونەی پیاوێکی ئاڵمانیی پزیشک بوو، زۆر هێدی و لەسەرخۆ بوو، نیشانەی ئەندامەتیی حیزبی بە یەخەیەوە دەدرەوشاوە.

ڕۆژێک بە میوانی هاتە ماڵی ئێمە لە کاتی خواردندا ورکەنانێکی زۆر وردی لێ کەوت بە سەرسوڕمانەوە دیتم داهاتەوە و هەڵی گرتەوە و پێش ئەوەی من چ بڵێم خستیە زاریەوە.

ئەگەر جاران کارێکی ئەوتۆم بە ئێرانییەکەوە دیبا کە لە هەموو تەمەنیدا نان و خواردنی بە نیعمەتێکی ئاسمانی زانیوە و ڕێزی لێ گرتووە، زۆرم بەلاوە سەیر نەدەبوو، بۆچی ئێستاش خۆم ئەگەر لە کۆڵان و ڕێباز تووشی ورکەنانێک بم کە فڕێ دراوە یا وەریوە، هەڵی ناگرمەوە و فووی لێ ناکەم و لە کونە دیوارێکی ڕا ناکەم؟ تا نەبێتە پێخوست. بەڵام ئەو دوکتۆرە ئاڵمانییە کە هەمیشە تێر و تەسەل بووە و لە ئێروو و خۆشیدا ژیاوە. بۆ وای کرد؟ بیر کردنەوەکەم بوو بە پرسیار و گوتم:

«بۆچی ئەم ورکەت کە ڕەنگبێ پیسیش بووبێ خوارد؟»

بزەیەکی هاتێ بەڵام بزرکا و نیگای تاریکی و پەژارەی لێ باری. پاش تاوێک ڕامان گوتی: «دەزانم خواردەمەنی هەیە و دەزانم ئێستا لە زۆر وڵاتان گەلێک شت وەگیر دەکەوێ و تەنانەت لە هێندێک ماڵان بەپێی فیلانە. ئێمەش لێرە لە ئیروودا دەژین، بەڵام من مەرجم کردووە هەتا ماوم هەرگیز هیچ خواردەمەنیێک فڕێ نەدەم و خەسار نەکەم». دوایە ئەم سەرگوزەشتەی بۆ گێڕامەوە:

«لاو بووم تازە لە زانستگەی پزیشکیدا دەستم بە خوێندن کردبوو، یەکێک لە دۆستانی کۆنم دۆزییەوە کە لە منداڵییەوە ئاشنا بووین. دەگەڵ خۆی بردمە کۆڕی لاوانی کۆمۆنیست ئەگەرچی دەترسام بەڵام چالاکی و هەڵسووڕانی ئەم لاوانە سەرنجی ڕاکێشام و ویستم بەم ئاگرەی لە دەروونی ئەواندا بڵێسەی گرتبوو خۆم ببووژێنمەوە و نەک هەر خۆم گەرم کەمەوە بەڵکوو گڕێک لە دەروونی خۆم هەڵگیرسێنم.

ئەو دێوەزمەم ناخۆش دەویست کە وردە وردە سێبەری شوومی بەسەر وڵاتدا کێشابوو و هەموو کەلێن و قوژبنی تەنیبوو. ئەم لاوانە دەیانویست دەگژ ئەو ڕاچن. کەم کەم لەوان نیزیکتر دەبوومەوە و ئەو تاعوونە ڕەشەم کە بریتی لە هیتلەر و حیزبی نازی بوو، باشتر دەناسی و لە جاران پتر ڕق و قینم لێ هەڵدەگرت و تێدەگەیشتم چ تارمایییەکی ڕەش و بەسام و مۆتەیەکی خوێنمژ هەڕەشەمان لێ دەکا و چ چارەنووسێکی شووم و دزێومان لە پێشدایە و دواڕۆژێکی چەن پڕ مەترسی چاوەڕوانمان دەکا.

ژیان و کار منی لەم لاوانە هەڵبڕی، ترس وای هەموو کەس داگرتبوو کە من نەمتوانی دۆستانی خۆم بدۆزمەوە. ئەوەندەی پێ نەچوو شەڕ هەڵگیرسا و منیش کە ئیتر پزیشک بووم ناردرامە جەبهە. دەڕۆیشتین و پێمان لەهەر جێیەک دەنا چارەڕەشی، ماڵوێرانی، برسایەتی و ئازار و جەزرەبە و ئاگر و سووتمان و کێم و خوێن و نەخۆشی و مەرگمان دەگەڵ خۆمان دەبرد. من بە تاقی تەنێ لەنێو ئەو هەموو ئەفسەر و سەربازانەدا کە بە کردەوەی خۆیان دەنازین، خەفەتم دەخوارد. تەنیا کارێکی نەختێک باش کە لە دەستم دەهات ئەوەبوو بە نهێنی یارمەتیی گرتووەکان بدەم. یا ئەو کەسانەی بە زۆری و بە بێگار خزمەتی خۆمان پێ دەکردن ئازار نەدەم و پارووە نانێک یا تۆزە دەرمانێکیان بە دزی و فزی بدەمێ.

زۆر زوو گەیشتینە وڵاتی پان و بەرینی شوورەوی. لەوێ جاری وا بوو چەند مانگ لە جێگایەک دەماینەوە، من خەریک بووم لە فەرماندەکەم نیزیک ببمەوە. تا لە سایەی دۆستایەتی ئەودا ئازادی پترم هەبێ و بتوانم خواردن و دەرمان بدەم بەو ژن و کچانەی خزمەتمان دەکەن و ئەوەشم بۆ کرا. ئیتر هەموویان خوویان بەو کارەی من گرتبوو جاروبار سەریان داوێشتە سەرم پێیان دەگوتم دڵتەڕ، جاری واش بوو ناویان دەنام دوکتۆری سوور. منیش بە کاوەخۆ کاری خۆم دەکرد و گوێم بەو گاڵتە و گەپانە نەدەبزووت. چونکە کارم باش دەکرد و لە کارکردنم ڕازی بوون ئەفسەرە بەرزەکان دەگەڵم دۆست بوون. منیش ئاگام لە دزی و دەسپیسی ئەوان بوو، بۆیە کەس وێم نەدەڕست و ئازاری نەدەدام و دۆسیەی بۆ دروست نەدەکردم. دەنا شۆفار و دووزمان و جاسووس یەکجار زۆر بوون وردە وردە زمانی ڕووسی فێربووم.

«ڕۆژێک یەکێک لەو کچانەی دەمناسی بە پەشۆکاوی و سەرلێشێواوی لێم وەژوور کەوت و گوتی: دوکتۆر دەستم بە داوێنت ئەگەر دەتوانی یاریدەم بدە. گوتم چ قەوماوە؟ چ کارێک لە دەس من دێ؟ گوتی: دایک و باوکم سەریان دێشێ و زۆر سەخڵەتن و ئێمە نازانین چ بکەین و چمان لە دەس نایە، ماڵەکەیان بە پەنا ماڵی ئێمەوە بوو. کارەکانم تەواو کرد و دەگەڵی چووم بڕێک دەرمانیشم برد. باش دەمزانی ئەم ژانەسەرە لە برسانە، چووینە نێو ماڵێک ئیتر چی تێدا نەمابوو چەن سیپاڵ، چەن تەختەی لەت و پەت چەند قاپە شکاو و کۆنە سەماوەرێک و چادانێکی گاوکراو و چەن پیاڵە نەبێ، خانوویەکی بچووک بوو کە شەڕی شووم و ئێمەی داگیرکەر بێڕەحم گەسکمان لێ دابوو. لەتەنیشت تەندوور پیرێژن و پیرەپیاوێکی نیوە زیندوو تخێڵ ببوون. لە ڕوخساری ئەواندا تەنیا دوو چاوی ڕۆچوو بریسکەیان دەدا. بە پەنا یەکەوە ڕاکشابوون. وەک مردووان زەرد هەڵگەڕابوون. بێهێز و لەڕ و لاواز بوون، نەیاندەتوانی قسە بکەن یا ببزوون. دوو سێ زارۆکی ڕەشوڕووت و کز و مردەلۆخە بە ترسەوە تەماشای منیان دەکرد. تەماشام کردن پرسیم: چەند ڕۆژە چییان نەخواردووە؟ کچەکە بە کوڵی گریانەوە گوتی: حەوتوویەکە زەوادیان نەبڕیوە، بە نیگەرانییەوە گوتم: چما چتان نەبوو؟ بۆ زووتر بە منت نەدەگوت؟ من ئەوشەو لە بەشی خۆم شتێکت دەدەمێ دەرخواردیان بدە.

کچەکە گوتی: دوکتۆر تۆ زۆر دڵسۆزی، بەڵام هەرچی دەکەم ئەم دوانە هیچ ناخۆن تەنیا جار جارە چۆڕێک ئاو نەبێ. نووزەی پیرێژنەکەم گوێ لێ بوو چوومە سەرینی تا باشتر گوێم لێ بێ. دەیگوت ئێمە بەشی خۆمان ژیاوین نابێ پاروو لە زاری ئەم زارۆکانە بگێڕینەوە. هەرچی هەبێ با ئەوان بیخۆن تا بژین، تا گەورە بن تا ڕۆژی خۆشتر ببینن دایکە بێدەنگ بوو، دیتم ئەم دوو پیرە فیداکارانە دەستی یەکترییان گرتووە و چاویان لێک ناوە، دەتگوت بەم کردەوە دڵی یەک دەدەنەوە و پێشی ناڵەی خۆیان دەگرن. ئەوکم گیرابوو، زمانم لە بەند چووبوو، لە بەرامبەر ئەم هەموو خۆڕاگری و پێداگرییەدا چم پێ نەبوو بیڵێم. ئەوان بە گیان و دڵ بەپیر مەرگەوە دەچوون. چەند حەبی ئیسپرینم دانێ تا کەمێک ژانە سەرەکەیان کەم بێتەوە. تەنیا ئاواتم ئەوە بوو وەک ئاڵمانییەک بن ڕێسمەی دەرکی ئەم ماڵە خاپوورە ماچ بکەم و لە ڕاست ئەم هەموو زیبک و غیرەتەدا چۆک دادەم، بەڵام بەداخەوە هەر ئەوەندەم توانی لەبەر ئەواندا کە ئیتر نەمابوون سەردانوێنم.

لەو ڕۆژەوە مەرجم کردووە خواردەمەنی هەرچی بێنرخیش بێ زایە نەکەم و تا هەم لەسەر مەرجی خۆم ڕادەوەستم. من لە نیزیکەوە بەڵێ زۆر لە نیزیکەوە دێوەزمەی برسایەتیم دیوە.