بەعزێ مەعلوومات دەرحەق بە عەشائیری دەوری حدوود
مێجەرسۆن کە دەرحەق بە کورد و زمانەکەی، بەڕاستی شەخسێکی زۆر شارەزا و خەبەردار بوو، لەو ڕاپۆرەیدا کە دەرحەق بە لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٩١٨دا داویەتی، کەمێک باسی عەشائیری کوردی دەوری حدوودی تورک و ئێران ئەکا. وام بە مناسب زانی کە لەو مەعلووماتەش کەمێ باس بکەم:
١. حەسەنانلۆ |
حەیدەرانلۆ خۆراسانلۆ سپیکانلۆ جبرانلۆ زیلانلۆ ئادەمانلۆ (ئەم سێ فرقەیە لە نزیک حدوودن) |
٢. حەکاری |
چولۆ شیروانان ئاوراماران شەمزینان عەممادییە میسووریان زێباران هاویریان باراواریان بارچیلان سیوالان لائی هونان |
٣. موکری |
مەنگوڕ پشدەر حەسەنانلۆ |
کەم عەشیرەتی کورد هەیە کە تاریخی ٥٠٠ ساڵ زیاتر بەرەو ژوور بچێ، چونکە لە پێش ئەم موددەتەدا کوردستان لە ئێستاکە پچووکتر و مەحدوودتر بوو و لە ناو گەلێ حکووماتی بەقووەت و گەورەدا بوو کە ئەم حکوومەتانە نەیانهێشت کەس موڵکەکەیان لە دەس بسێنێ و داخڵی وڵاتیان بێ و زاتەن لەو دەورەدا سەیاحی ئەجانبیش لە ناویانا نەبوو.
حەسەنانلۆش لەم قاعیدەیە بەدەر نییە، وا دیارە کە وەکوو کوردانی بتلیسی و حەکاری و ئەردەڵانی، حکومەتێکی دانەمەزراند و دائیمەن عەشیرەتێکی گەڕۆکی سەربەخۆ بووە و لە قەدیمدا لە شاخانی نزیک بتلیسدا بووە. لە دەوری سوڵتان سەلیمی ئەووەڵدا و لە ١٥١٤دا ئەم عەشیرەتە نەقڵ کرا و موحافەزەی حدوودی ئێران و ڕووسییەی درایە. شوعبەی ئەساسیی ئەم عەشیرەتە کە لە سەر حدوودی ئێران دانرا، سپیکانلۆ و حەیدەرانلۆ بوو، چونکە ناڕەحەت بوون، شاە عەباس لە زەمانی خۆیدا و لە وەقتی فتووحاتیدا کە ئەم عەشائیرەی هێنایە ژێر حوکم، زافرانلۆ و دامانلۆ و کەیوانلۆی نەقڵ کردە خۆراسان.
موعاهەدەی ١٦٣٩ ئەم عەشائیرەی خستەوە ژێر حوکمی تورکەوە، بەڵام حەیدەرانلۆ و سپیکانلۆ ئەوەندە شەڕهەڵبەست بوون و ئەوەندە تەڕەفداری تاڵانی ئێران بوون، لە موعاهەدەی بەینی سوڵتان محەمەدی دووەم و فەتحعەلی شاهدا مادەیەکی مەخسووس داخڵ کرا کە ئەگەر ئەم عەشیرەتە داخڵی ئێران بوون، حکوومەتی عوسمانی تەئدیبیان بکا.
ئەم عەشیرەتە لە حەربی تورک – ڕووسی ١٨٢٩، ١٨٥٤، ١٨٧٧دا ئیشتراکیان کرد بەڵام خیانەتیان دەرحەق تورک کرد و لە سەر بەعزێ مولاحەزات موساعەدەی ڕووسیان کرد کە لە خاکی ئەوان تێپەڕ بێ، لە حەربی ئەخیردا بێفائیدە بوون. ئەم عەشیرەتە لە ناو کوردانی تردا شۆرەتێکی باشی نەبوو و لە هەرە خراپی کوردی جنووب ناسرابوو.