لە پێش شەڕی گەورەدا (١٩١٤-١٩١٨ی میلادی)

از کتاب:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
اثر:
محمدامین زکی بیگ (1880-1948)
 4 دقیقه  801 مشاهده

دەرحەق بە وەزعییەتی عەشائیری کوردی ئەم دەورە، لە تەڕەف سێر مارک سایکس و مێجەرسۆنەوە بەعزێ مەعلووماتی زۆر چاک دراوە. واقیعەن سێر مارک سایکس هەر باسی عەشائیری مەملەکەتی عوسمانی قەدیمی کردووە و ئەوەندە لە حدوودی ئێران تێپەڕ نەبووە. بەڵام مێجەرسۆن دەرحەق بە کوردستانی مەرکەزی کە لە هەر دوو لای حدوودی قەدیمی عوسمانی – ئێران کەوتووە، تەدقیقاتێکی باشی کردووە و بە دەرەجەیەک ئیکمالی نوقسان ئەکا، بەڵام دیسان نەتیجەی سەعیی ئەم دوو زاتە مەعلووماتێکی تەواومان ناداتێ و دەرحەق بە کوردانی دوور لە مەرکەز باش تەنویرمان ناکەن. لە بەر ئەمە، مەجبوور بووم سەرنجم لە بەعزێ ئاساری تر دا بە دەرەجەیەک ئەم نوقسانەم ئیکمال کرد.

سێر مارک سایکس لە ژێر عینوانی عەشائیری کوردی دەوڵەتی عوسمانیدا باسی عەشائیری کوردی تورکیای کردووە و بۆ دۆزینەوەی مەوقعیان و بەعزێ مولاحەزاتی تر، تەقسیمی ئەکا بە شەش مەنتیقەوە: A, B, C, D, E, F. لە موقەددەمەکەیدا باسی عەشائیری گاور ئەکا و ئەڵێ: بە ڕیوایەتی بەعزێک ئەمانە ئەسڵەن کوردن و بەعزێکی تر خیلافی ئەمە ئیدیعا ئەکەن. بەڵام من وا ئەزانم کە ئەم گاورانە لە مووسڵ و عێراقەوە ڕایانکردۆتە ناو کوردی حەکارییەوە. نەفسی کوردیش مومکینە بکرێ بە سێ بەشەوە:

بەشی ئەووەڵ: کوردی نیوە گەڕۆکی دەشت و شاخانی جنووبە. عەشائیری ئەم بەشە لە خسووس تەبیات و عاداتەوە لە یەک زۆر نزیکن. خاکەکەیان بە بەرەکەتە. بە قەد ئیحتیاجی خۆیان زەراعەت ئەکەن، ئەغڵەب بۆ جووتیاری و ئیش و کاری زەراعەت و نەقلییات و خدمەت بە غەیرە ئەکەن. لە ئاسنگەری و بەڕە و سوجادە و ڕەشماڵ دروستکردندا شارەزان. بە نەزەر ئەکسەرییەتی کوردەوە زۆر پێشکەوتوون، خوێندەوارن، لە ئیش و کاردا وریا و زیرەکن و زۆر بەسەلیقەن. لە ژێر ئیدارەی ڕوئەسای ئیرسیی خۆیاندا ئەژین، شەڕانی و دڕن. ئەو کوردانەی لە ژێر عینوانی بەبەدا نیشان دراون، سوارچاکن، سەجییەیان بەرزە و ڕێگەبڕن، تفەنگیان هەیە. لام وایە کە ئۆردووە گەورەکانی سوارەی «پارت» (ئەشکانی) لەمانە کۆ کراوەتەوە. گەورەی موقەدەسی ئەم کوردی بەبەیە خالید ئیبنی وەلیدە، زۆر تەقدیسی ئەکەن و بە ڕیوایەتی خۆیان، ئەو کردوونی بە ئیسلام . عەشائیری ئەم سونفە هەمووی سوننە مەزهەبە.

لە تشرینی ئەووەڵەوە تا شوبات لە گوندەکانیانا دائەنیشن و لە مارتدا ئەچنە ناو ڕەشماڵ، بەعزێکیان تا خاکی وزنە ئەچن. گەلێک ڕوئەسای ئەم سونفە لەگەڵ عەرەبدا مناسەبەتی زاوایەتییان پەیا کردووە. ئافرەتیان جوان و سەربەستە و زۆریان ئەخوێنن و وەکوو پیاو ئەچنە ڕاو.

بەشی دووەم: عەشائیری دامەزراوی ناو چیایە و ئەمانە لە هەموو خسووسێکەوە لە بەشی دووەم جوێن. زورراعێکی باشن و زۆر لەگەڵ زەراعەت خەریک ئەبن. لە ئاو هەڵگرتن و ئاو تەقسیمکردندا شارەزان. ئەنواعی حبووبیات ئەچێنن و تووتن پێ ئەگەیەنن. ئیدارەیان بە دەس ڕەئیسی عەشیرەتەکەوەیە و ئەغڵەب لەگەڵ یەکدا لە شەڕدان، تفەنگیان هەیە و تفەنگچی و ڕاوکەری باشن. هەر گوندێک یەک قەڵای هەیە و لە وەقتی مودافەعەدا ئیستیفادەی لێ ئەکەن. حەیاتی ماڵییان عادەتەن وەکوو سونفی ئەووەڵ وایە. بەعزێ جوولەکەشیان لە ناوایە و لەگەڵیانا چاکن. بەڵام حەقی سیلاح هەڵگرتنیان نییە و داخڵی شەڕی عەشائیری نابن. عەلەلعادە ئەم جوولەکانە بە کاسبی و تیجارەتی بەینی عەشائیردا مەشغووڵن. ئەو عەشائیری گاوری نەستوورییە کە لە بەینی ئەم کوردانەدان لە شکڵێکی تابعدان.

بەشی سێیەم: نیوە گەڕۆک و چیانشینن. بەعزێکی لەگەڵ زراعەتدا و بەعزێکیشی لەگەڵ ماڵیاتدا (اغنام) خەریکن و بەشێکیشی بەرزەوڵاخ پێ ئەگەیەنن. لە پۆشتندا وەکوو بەشی دووەم وانە. خراپە و شەڕیان زۆرە. ئافرەتیان زۆر ئیشکەرە و وڵاخیان گوێ‌درێژ و ئێسترە. لە خسووسی شکڵ و قیافەتەوە لە دوو سونفەکەی تر فەرقیان هەیە. ئەم سونفە بەخۆوەتر و زەلامترن. سیلاحیان باش نییە، زەخیرەیان کەمە و کەم‌زاتن. لە خسووسی دین و مەزهەبەوە مەعلووماتیان کەمە، بەڵام بە سووڕەتی عموومی ئیسلامن.

خولاسە لازمە مەعلووم بێ کە لە عێراق و زنە و ئەتڕافی مووسلیشدا عەشائیری گەڕۆک هەیە. بەڵام خەڵکی چیاکان کە بە کۆچەر دائەنرێن جاهیل و ئیبتیدائین.