جورئەت

از کتاب:
عیشقی بێ نەخشان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  979 مشاهده
کەسەکەم.. بۆ من نازانم وەها باوە
هەموو جۆرە دڵدارییەک کە کراوە
یەکەم هەنگاو.. هی کوڕ بووە
نازی کچی هەڵگرتووە
تا نامەیەکی داوەتێ.. پەڕوباڵی دەرکردووە؟!
من ئەوانە چاک ئەزانم، بەڵام چی لە جورئەت ئەکەی
هەر کە چاوم پێت ئەکەوێ
قاچەکانم تێکەڵ ئەبن.
لە لەنجەکانتا ون ئەبم
هەر نازانم ڕێگام کوێیە
ئەوەم هەر بیر ئەچێتەوە
کە نامەی دڵداریم پێیە
نەگبەتییەکەش.. ئا لەوایە
وەکو من ئەوە حاڵمە
دڵی تۆش وەها زاڵمە
کە هیچ نەبێ.. زەردەخەنەیە ناتگرێ
هاندەرم بێ.
بە بەرگی ئاوریشمینەوە لە بەردەمی منی لاتا
نازی تێرێتی ئەفرۆشی کێ ئەوێرێ بێ بەلاتا
من خۆم ئەزانم کوێم یێشێ
بەو داخەوە ڕۆژێ ئەمرم
برینم گەیییە سەر ئێسقان
ڕوویەکی خۆشی تۆم نەدی
کچی عاسمان
کە تۆ بەو حاڵە ئەبینم
لەوە ئەچێ.. خۆم نەبینم
گیرفانەکەم قووڵتر ئەبێ
نەکو نامە.. هەر دەستیشمی
تیا ون ئەبێ
ئیتر جورئەت لە کوێ بێنم
نامەی گیرفانم دەربێنم!!
 
=«هونەرمەند عوسمان عەلی بەشێکی دەستکاری کراوی کردووە بە گۆرانی.. بەڵام لەوێ ئەو مەبەستە ون بووە کە من ویستوومە کچێکی تێر و کوڕێکی برسیی هەژار مەداری شیعرەکە بن».