نهێنی نەکوشتن و نەنووستنم

از کتاب:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  951 مشاهده
لەو ساتەوەی لە دایک بووم
خەنجەرێکی، دەبانیان لە ژێر سەرم داناوە..
تا، گەوهەری لێ وەربگرم،
پێی گەورە بم.
تا بتوانم..
خۆم سەربڕم
***
شاژنێکی، شکۆدار و خۆشەویست..
پەروەردەی کردم.
تا، پەنجەکانم بمەیێ و
مشتووی خەنجەری پێ بگرم.
بەئاسانی خۆم سەربڕم.
کە گەورە بووم...
دەستی هێنا بە سەرما.
فەرمووی: کوڕم
لە پەروەردەتا
شەکەت بووم،
هەڵسە ئیتر، من دەنووم.
شاژنی خۆشەویست،
لە جێگەکەم نووست.
دەزانم، توانای، بڕین-م تیایە.
بەڵام چی بکەم، دڵم نایە.
دای چڵەکێنم.
تا، خەنجەرەکە، دەربێنم.
***
بە خۆرهەڵاتدا، کەوتمەڕێ و هەنگاوم نا.
هەتا ئەژنۆم، بەناو زەویدا، دەچەقا.
بەڵام هێشتا..
بەمن وایە،
بوارەو هەنگاوەکانم، ئاوەڵایە.
زۆری نەبرد، هەر دەستبەجێ.
گەییمە ئاوەدانییەک، نائاشنا
تیا، مامەوە و کردمە جێ،
جێشم نەهێشت،
تا خاتوونێکی نازدار و خۆشەویستم.
کردە هاوڕێ
بەو هیوایەی:
بەهێمنی و چرپە چرپی خانمانەی
شاژنەکە، خەبەردارکا.
ئەوەی، کە، بۆی لە دایک بووم..
لە گەردنی خۆمی بسووم.
لەگەڵ خاتوونە هاوڕێکەم، کەوتمەڕێ.
بە خۆرئاودا هاتمەوە و گەییمە جێ.
خاتوونی هاوڕێ و خۆشەویست...!
کاتێک چاوی..
بە دیدەنی..
شاژنە نووستووەکەم.. شووشت
فەرمووی: ڕەنگە
خەو بە تۆوە ببینێ؟!
ئەمیش لە تەنیشتییەوە، نووست.
گەرچی، لە مێژە نەنووستووم
حەزم لە مەرگە و
شەکەت و ماندووم.
بەڵام چ بکەم!! دڵم نایە
هەردووکیان ڕاچڵەکێنم
تا، خەنجەرەکە، دەربێنم.
ئەمجارەیان، سەفەرەکەم نهێنی کرد.
شاراوە، وەک بەردی بن گۆم.
تا، کچۆڵەیەکی چاوڕەشی، خرپنم کرد..
بە هاوڕێی خۆم.
هیوادار بووم، بە گۆرانی دەنگە نەرمە بەهەشتییەکەی،
هەردووکیان خەبەرکاتەوە.
شەکەتیم لەبیر باتەوە.
کەچی، کاتێک، کە بینینی،
چوو لە نێوانیاندا پاڵکەوت
تا، گەییمە لای، خەوی لێکەوت.
گەرچی، لەمێژە نەنووستووم
هێندە ماندووم.
شەکەت-ی ئارامی بردووم.
مەرگ-یش نەبێ..
هەر دەمەوێ..
تاوێک بنووم!
بەڵام چی بکەم، دڵم نایە
هەرسێکیان ڕاچڵەکێنم.
جێ-ش نەماوە
خۆم-ی
تۆزێک
تیا بنوێنم.