مەرگی بێ زیان

از کتاب:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  709 مشاهده
تەمەنی دە بەهار بوو
کە هێنایان
سەرتاپای نوقمی ئازار بوو
پاش چەند ڕۆژێک بەشەرمەوە
نزیک هاوڕێکەی کەوتەوە
پێی وت: هاوڕێ
لەمە زیاتر بەرگە ناگرم
دەمەوێ ڕووشم زەرد نەبێ
یەعنی بمرم.
هاوڕێکەشی تێی گەیان
کە چۆن دەمرێ، بێ زیان
***
ئەمجارەیان
کە بردییان
وتی: بەڵێ
لەگەڵ پاڵە و زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانم
ناوی هیچیشیان نازانم.
لە دوا دیداری پێش مەرگدا
خوشکەکەی هات
بەدەم ماچی ناو دەمییەوە
گرێی نهێنی کردەوە.
ئەوجا، خوشکەی گەشایەوە
چرپاندییە گوێچکەی دایکییەوە
وتی: دایە
ڕووی گشتمانی سوور کردووە
ناوی کەسی نەبردووە
خەمت نەبێ و کەس ناگیرێ
لێی زیز مەبە و
لە بەرچاویشت نەبێزرێ
پاش چەند ساتێک
وەک قارەمان
دەخنکێنرێ.