وڵاخە مانگرتووەکە

از کتاب:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  689 مشاهده
کە خورپەی شیعرێک
تەنگ بە گیانم هەڵدەچنێ
نە خۆم قەڵەمم پێیە
نە دەمدەنێ.
گیانم سەر هەوا دەکەوێ
نە لە زەویم، نە لە ئەسمان
نە لە مەرگم، نە لە ژیان
وا سەخڵەتم
دەشێ ڕۆژێک خۆم ڕابێنم
بە گوێزانێک، لەبری قەڵەم،
پەنجەیەکی خۆم دابێنم.
***
ئێستێکە وام
کاغەز و خامەشم پێیە
کەچی هەروام
سەیرە لەلام!
تۆ بڵێی گیانم دەرنەچێ؟!
«ها... مەرگی چی؟
تۆ بەقەد وڵاخێکی مانگرتوو
بەهێزی.
تۆ بەقەد پێغەمبەرێکی شێت
جەنجاڵی»
بەڵام گیانم
لەسەر هەوایەکی لینجە
نە لە زەویم، نە لە ئاسمان
نە لە مەرگم، نە لە ژیان
تۆ بڵێی..!
ئا..ئا.. بڵێ
بەڵێ دووری
لە ڕوانینە بەهارییەکانی «سیڤا»
لە چرپە سەوزەکانی «شیرین»
لە بەستە ڕووناکەکانی هاوڕێمان
دووری.
دەنا چاکیت و مەرگی چی
بەقەد وڵاخێکی مانگرتوو
بەهێزی
بەقەد پێغەمبەرێکی شێت
جەنجاڵی
هێشتا کارت بەم ژیانە
زۆر ماوە