دەمەتەقەی بایز و پیرۆت

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  954 مشاهده
نوسەرێکی کوردزمان لەگەڵ چەند هەواڵێکی عەرەب بەر لە من چووبووە یەکیەتیی سۆڤێت. لە مۆسکۆ بیستم کە ئەو نووسەرە لە هیچ جێیەک باسی کوردستانی نەکردبوو. لای وابوو ئەمە پێچەوانەی باوەڕەکەی ئەبێ! تەنانەت وەختێ کوردەکانی یەریوان بە خۆشیی ئەوەوە هەڵپەڕکێیان کردبوو. گوتبووی «ئێمەش لە شیمالی عێراق ئاوا هەڵدەپەڕین». منیش ئەم دەمەتەقەیەم لەو بارەوە نووسیوە:
مەرحەوا باپیر، پ: بایز چت پێیە؟
باسوخواس چییە؟ باپیر لە کوێیە؟
ب: چۆتە جێگەیەک: گەلێ پیرۆزە
جێگە هومێدی گش تیرە و هۆزە
هەر لێقەوماوێک هەرچی دڵخوازە
لەوێ دەخوازێ جێگەی نیازە
پ: کە وا بێ باسی کوردی کردووە
چی پێداویستە ناوی بردووە؟
ب: کوردی چی! پیرۆت کوێنت دەبەر بێ
دەڵێی باپیریش هەر کوردپەروەر بێ؟
مام باپیر زلە هێندە ورد نییە
بۆتە عالەمی ئیتر کورد نییە!
بە زمانی کوردی فەرمووی: بێگانەم
لە چاوی کورد و کوردستان تانەم
پ: باشە خەڵکی دیش خۆ لە تەکیا بوون!
ب: باپیر تۆ لەکوێی؟ ئەوان جیابوون
ناو تیرەی خۆیان ئەبرد وەپانی
هروژمیان کردە داگیرکەرانی
باس عەدەنیان کرد باس عومانیان کرد
ئاوڕووی ئینگلیز و ئەمریکانیان برد
ئیتر لەو ناوە هەر گاڵە و قاوە
کورد نەبێ گشکەس ناوی لە ناوە!
یەکێ فەرمووبووی با باس عەجەم کەین
لەسەر کوردەکان ئەم زوڵمە کەم کەین
باپیرە چرچە وەک دار چەقی بوو
دەمی وەک تەڵە پێکدا تەقی بوو
وەسەر شێخ قەسەم مرقەی لێ نەهات
گوایە ئەمەیە نیزال و خەبات!
پ: خۆ ئێژن چووبووە گەڕی ڕەشبەڵەک
ب: وەگیان تۆ ئەویش هەر گەڕە و کەڵەک
کوردی ئەو ناوە کوردی تەواون
وە شیری شێران فرچک دراون
بۆ کوردەواری گەلێ بەتاسەن
بێ زڕەکوردن گش کوردەخاسەن
لە خۆشیی ئەمەی کورد چوونە لایان
جۆشی خواردبوو بەزم و هەرایان
زیڕەی زوڕنایان، ڕمبەی سەمایان
دەیهێنا جووڵە شێخ و مەلایان
باپیریش وتی: لە شیمال زەمین
هەڵپەڕکێمان هەس بەڵام زۆر کەمین!
پ: کە وا بێ بایز مام باپیر زلە
زلە و زۆر زلە هۆبال بەو ملە!