ڕاوە زەردەخەنە

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  475 مشاهده
دەریام.. بەڵام.. هەتا تۆی خۆر نەکەم بە ئاشنا
بارانم لێ دروست، نابێ.
فرمێسکی.. بەڵام.. هەتا خۆت فێری ڕاوە زەردەخەنە..
نەکەی.. بەمن ناگەی
من و تۆ لە ئەفسانەی وەنەوشەدا، دەستلەملانین
بەڵام لە گودۆی ئەم کاروانە.. دڵنیا نیم
لەوە دەترسم نەیەت
بێ و بەتەنیا.. تۆ بەرێ
بێ و بەتەنیا.. من بەرێ
***
گیانە.. تۆ کچۆڵەی شاعیرێکی
پێوانەکانی گەردوونی بۆ سەروبن کردی و وتی:
فەرموو لە بێستانی خەمەکانما
دروێنەی خەرمانی سەوزی هیوا و ورەی ژیان بکە
ڕۆڵە.. دەڕۆی ئۆغر.. بەڵام گەر ڕۆژگارێ هاتیتەوە و من نەمابووم
خەمی نامۆیی خۆت نەخۆی.. شیعرەکانم ڕاسپاردوون
هەموویان بۆت ببن بەدەست، هەموو ببن بە باوەش و
ئاوێزانی لەشە نەرمونۆڵەکەت بن، ئەفسووس دەڕۆی
ئەی کچۆڵەی/گریان و خەندە و زریان و تیشک
ئەم شاعیرە جێ مەهێڵە
ڕوو مەکە هەوای بلوێری بۆرژوواکان
شاعیر نەبێ.. کێ دەتوانێ..
لە تەپوتۆزی خاندا.. خانووی سەوزت بۆ دروست کا؟
شاعیر نەبێ.. کێ دەتوانێ..
کڕووزەی دەستەپاچەیی.. بکا بە سروودی یاخی؟
هەر شاعیرە.. لە فرمێسکی بێ کەساندا...
گوڵ دەڕوێنێ
هەر شاعیرە.. چاوی بێ هیوایان بەتیشکی ئومێد
دادەگیرسێنێ.
***
مەڕۆ و بزانە هەژارەکان بۆ ڕەنگ زەردن
بچۆ ماڵی پیاو ماقووڵەکان و بۆری ئاوی کۆشکەکانیان بکەوە
دەبینی نەوتی پیادێ.. خوێنی پیادێ
***
ئەم شاعیرە جێ مەهێڵە
ڕوو مەکە هەوای بلوێری بۆرژوواکان
مەمکە سرکەکانت.. مەکە شاباشی پیاوماقووڵان
***
ڕۆڵە تۆ گاورباخی و یاخیبوونی
کرێکارانی کۆمپانیای نەوتت نەدیوە
خوێنەکەیان ئەو ڕۆنەیە وا چەرخی ماشێنەکان
دەگەڕێنێ
مەڕۆ و تۆزێ گوێ بۆ دەنگی چەرخەکان ڕاگرە
سروودی چەرخەکان ببیستە:
دڵدار: خۆشەویستی و
کرێکار.. دەستی و
شاعیر... شیعری..
تەسلیم ناکا
تەسلیم نەبی.. تەسلیم نەبی.. تەسلیم نەبی.