تابووتی زۆردار

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1676 مشاهده
دوکتۆر جەکفەر محەمەد کەریم لە دەست نووری سەعید ڕای کردبوو، لە لەندەن دەژیا، منیش لە بەغدا بووم وەک نامەیەک ئەم شیعرانەم بۆ نووسیوە:
برای دوور وڵات غەریبی شاران
تۆش زیاد بووی لەناو هوردووی هەژاران؟
تۆش لەسەر وەتەن بێوەتەن وەک من
تۆش پەنابردوو بە ماڵی دوژمن
بێپەنا، بێکەس، بێخاڵ و بێکاک
بمرین بێکفن، بێهەڵگر، بێخاک
کورد پەرژ و بڵاو لەناو جیهاندا
دوژمن دەگەوزن لە کوردستاندا
لە ئێمە ڕووی دا وتاری عامی
دز بە خانەخوێ دەڵێ: حەرامی
بە نەوتی کوردان ئورووپا دەژی
بۆ خۆمان ئاتاج بۆ چنگێک ڕەژی
من لە پاتەختی پاپەتی و برسی
تۆ لە سەماوات لای عەرش و کورسی
من لەناو یابای فەقیر، بەستەزمان
تۆ لای ساحێبی ڕێوی و فێڵەزان
من خنکاو لەناو گەرما و غومارا
تۆش چاو دەچڕێنی بە چوار کەنارا
بۆ من معێدی ماست بەسەر لنگ ڕووت
لای تۆ شۆخانی مل پڕ لە یاقووت
لێرە برش و ڕەش بە قورمی تەندوور
لەوێ نازاران لێو و پەنجە سوور
دەزانی لە چین ئەم گشت یاقووتە
ئەشکی هەتیوی بێ بەرگ و ڕووتە
خوێنی ملیۆنها لاوچاک و گەنجە
تا کیژێک لەوێ سوور دەکا پەنجە
بە ئێسکی ملیار شەرقی خاکەسەر
بەرز بۆتەوە بورجی «ویست میستەر»
لە ناڵەی هەتیو لە خۆدانی ژن
ئاوازە دەدا زەنگوڵەی «بیگ بن»
جومجومەی هێندی و سیلانی و سیام
بوونە بناغەی کۆشکی «باکینگهام»
لێرە ڕووت لەناو قوڕدا دەخەوێ
کۆشکی سەد قاتی بەرز ئەبێ لەوێ
لێرە ناڵەیە لەبەر بێنانی
لەوێ جارییە شەتی شامپانی
لێرە سواڵکەرن پڕ بە کۆڵانان
لەوێ قاقایە لە قومارخانان
***
لە گشتی خۆشتر گورگی ئیستیعمار
نێوی لێ ناوین: گەلانی ڕزگار
برسی و بێپێخەف بنووین لەناو قوڕ
سەڵەوات بدەین لە عالەمی حوڕ
بەڵێ ئازادین برسی و نەخۆش بین
حوڕڕین خائین و وەتەن فرۆش بین
ئازادین ئەگەر هەرگیز نەخوێنین
بۆ وان بەحیزی سەر دابنوێنین
بەڵام هەرکەسێ بڵێ: نان، ژیان
دەڵێن: تێکدەرە و سوورە و بێئیمان
ئازادی بژیت بێبەرگ و برسی
مەلعوونیت ئەگەر سەبەب بپرسی
حوڕڕی هەرچەندی گێژ و ئەحمەق بی
خائینی ئەگەر داخوازی حەق بی
نەخۆش کەوتن و بێدەرمان مردن
ئازادە بەڵام نەک چارەکردن
ناوی موستەشفا بێنی لەعینی
دوکتۆر داوا کەی دوژمنی دینی
***
کاکە تۆ دوور نیت لە ئامریکاوە
کە بۆ خوێنمژین بۆتە سەرچاوە
لەجیاتی هەژار هێندێک وەڵامان
بنێرە بە هۆی دەریای بێ سامان
بێژن بە تیمسال حوڕڕیەت تا چەند
دەبی بە گەپجاڕ خۆت ئەکەی وەپەند
تۆ تاکەی پشتت لە ئامریکایە؟
بۆ جارێ ئاوڕ نادەیە دوایە؟
ڕۆیوە ئەودەمەی بەخۆت بنازی
خۆڵ وەسەر ئینساف کەر بۆتە قازی
لەجێی بازە قەل، لەجیات واشنتۆن
ترۆمان دەقڕێ و ماگی و ئاچیسۆن
بوویتە تیمسالی خودای شەڕ و جەنگ
دەکرێیتە گوللە بۆ تۆپ و تفەنگ
مەشعەلی دەستت دنیا سووتێنە
ئیستعمار تینووی فرمێسک و خوێنە
خڕەی ئەسلەحەی مەرگە دێتە گوێ
خاوەنت بۆ شەڕ شمشێری دەسوێ
بە بۆمبای ئاتۆم کوڕانی مام سام
بەشەر قڕ دەکەن بۆ حیفزی سەلام
ناوی ئیستعباد بوویتە ئازادی
پێی دەڵێن سەلام جەور و بێدادی
چەند ملیۆن زەنگی لە ژیان بێبەش
بانگ دەکەن تیمسال ڕووی درۆزن ڕەش
ئەی تیمسالەکەی ڕەمزی ئیستیعمار
داڵدەی خوێنمژی گەلانی ڕزگار
خۆزگە دەست بڕوا بت کەم بە بزمار
پێت داببەستم تابووتی زۆردار