سلۆ slow

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  817 مشاهده
ئەی پەریی نازگەرمی ناسکۆڵەی ڕوونەخشین
وردیلەی ساکاری نەرمۆڵەی نازەنین
با ئەمشەو مۆسیقای ئاوازی ناخی گەرم
لای بدا مەندێتی پەردەی ڕوو - ئاڵی شەرم
تا بەدەم لەنجەوە ڕوومەت و لێوی وشک
تێر ئاودەم بە تاڤگەی پەرچەمی بێ پڕیشک
تۆش دەستخە ناو دەستم با پەنجەی تینووی من
گوڵاوی ئارەقی ناو دەستت هەڵمژن
تا دەستم لە کەمەر بئاڵێ بۆ سەما
لەپی دەست مەڕمەڕی نەرمی خوا.. زیارەت کا.
***
پێستی لەشی پەمەیی.. نەغمەی ڕاز شەرماوی
خەندەی لێو عەتراوی.. تیشکی چاو سیحراوی
ئەوەی تۆ شەرم دەکەی.. کە بیڵێی.. شۆخی جوان
پێنج پەنجەی گوشراوت لە دەستمی زوو گەیان
***
مۆسیقا ورشەی ناز لە چرپەی تۆ دەدزێ
تیشکی شەم.. بە یەک چاو دەڕوانێ و دەلەرزێ
بۆیە من پەیوەندیم لەگەڵ ئەم عالەما
لە «سرپە»ی یەکەمین وەتەرا بەجێ ما
***
خانمەکەم.. جار جارێ سەری ناز هەڵبڕە
بەو چاوە مەستانە.. تاپۆی خەم سەربڕە
لێت دووربم.. یا بمرم مەحاڵە.. چونکە من
لە دڵتا جێم هەیە و بەهەشتیی.. نامرن