کوف لە کون

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  509 مشاهده
لەمێژەوە بە شەق لە دەرگاکان دەدەن
هاوار دەکەن «کێ پیاوە کێ؟ کێ لە ماڵە»
لەودیو.. دەنگێکی کزۆڵە.. بۆی دەلەرزێ
-ئەرێ قوربان پیاوت دەوێ؟.. ئەمە حاڵە
ئێمە پیاومان -کەی لە ماڵە!
«شوکر و موکر.. ئاگرە سوورە
لێمان دوورە»
دەنگیش ئەوسا نێرەکەری
فەرمانەکانی دەردەکا
- دەرگاکانتان سەرکڵۆم کەن
- منداڵەکان - سەرەتاتکێی کۆڵان نەکەن
- دەست لە کڵاوەکان.. بەر نەدەن
- ئەمە بڕیاری ئێمەیە
«نان کردنەوەش لەسەر تەنوور قەدەغەیە»
***
من ئەو ساکە
لای کابرایەکی تەختەتاش.. شاگردێ بووم
بینیم خەڵکی پێویستییان، پەنجەرەیە
کەچی وەستا
تەختەکان دەکا بە دەرگا
ئەیویست دەرگا.. لە ئێسکی خەڵک
دروست بکا.
کاتێ زانیم وەستا کەرە
من ئێسکیم کرد بە «پەنجەرە»
سەر کڵۆمی دەرگام شکاند
تۆپم دایە دەست منداڵان
زۆربەیانم کردە کۆڵان
شاعیرێکم- هەر ئەوەندە لەدەست من دێ
سیحرباز نیم.. هەر بەتەنیا «کوف لە کون»ێ
گەرووی هەموو تەندوورەکان
پڕکەم لە نان
***
وەسێتێکم هەیە بۆتان
ئەگەر ڕۆژێ.. ڕەخنەگرێ
لە دەرگای شیعرەکانی دام
بێ تێگەیین.. بە پۆستاڵی قەڵەمەکەی
کوڕ و کچەکانی شێلام
وتی: ئەم شاعیرە، لە سەرەتا، پێ دەکەنی
بەڵام دوایی بەرگەی نەگرت
گەر وای فەرموو.. ڕەخنەگرێ
با ببوورێ
لێی بێنە جواب
بڵێن جەناب
تۆ لە حەوشەی
گەر وردبینی.. گەر دەتوانی
بچۆ ژوورێ