پەڵەهەورێک
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
4 دقیقه
1688 مشاهده
بەڕاستی زۆر دڵتەنگ و ناهومێد ببووم، پەیمانی بەغدا لە هەڕەمەدا بوو. هەروا هێچک ئەکێشرا و ئاڵقە لەگەلی کورد تەنگ ئەکرایەوە و هیچ دەرەتانی پشوودانی نەمابوو. کەچی لەپڕ سەرلەبەیانییەک بە دەنگی کوودەتای عەبدولکەریمەوە ڕاپەڕیم، بە دیاریکردنی مافی کورد پارشەوم کرد و بە موژدەی هاتنەوەی بارزانی بەربانگم کردەوە. لەیەکەم ئاهەنگێکا کە بۆ بەخێراتنی بارزانی لە «ساڵۆنی گەل» لە بەغدا گیرا. من ئەم شیعرەم خوێندەوە:
کوڕگەل کوڕی کوردی نەبەز
مەوەستن کۆوەبن بەلەز
دەس بگرن گۆوەندی گەلە
هەڵخەنە هەڵپەڕکێ هەلە
بابیڵێن «دیلان» و «ڕەشۆڵ»
«خەمە» لێدا زوڕنا و دەهۆڵ
جێژنە و جێژنی ئازادییە
جێژنی مەرگی بێدادییە
جێژنی چوونی ئیستیعمارە
ڕۆژی ترسی شا و بەیارە
دڵەکوتەی کوردخۆرانە
لەرزینی خاوەن زۆرانە
ئەفیوونکێش چورتیان پارەیە
ملیان خزمی سێدارەیە
بیلمەزی پیسی گوێنەبیس
لێی ئاڵۆزا ڕیس و گوریس
***
با ئارەقی ڕووی ئازادان
فرمێسکی شادیی دڵشادان
نەخوازە هی کۆنەدیلان
بڕژێتە ناو کۆڕی دیلان
بە گەرمیی دڵ و گرمەی پێ
بۆخ بکا و هەڵمی بڵند بێ
لە ئاسمان ببێتە هەورێک
لە کوردستان بدا دەورێک
بای ئازادی بیبزوێنێ
لە چیاکانم خۆی بنوێنێ
لەسەر شاخی هەورامانێ
داوەستێ و بدات وچانێ
بیبینن هۆزی جافرسان
با بزانن باوی چوو ترسان
پشوێک بدا لە بێستوون
تا بزانێ ڕابردوو چۆن بوون!
ئاو هەڵگرێ لە تاقبوستان
سەرچاوەی ژین لە کوردستان
تەم لە ئەڵوەند بڕەوێنێ
با بۆ کەس سەر نەنەوێنێ
بڕوانێتە کانی سانان
جێگە خوێنی پاڵەوانان
بچتە سەر گۆڕی قەدەمخێر
ئەو کیژە وردەی نێرەشێر
با گیانی شادبێ لە گۆڕا
بێ خوێن ناچێ دەور گۆڕا
لە گەڵباخی، لە ڕەنگڕێژان
دەم شیرن کا تاڵی چێژان
بۆ تیلەکۆ، بەرەو هەوشار
موژدە بێ باویانە ئەوجار
لە سەقز لە جێی سێ داران
بڕژێنێ چەند تنۆک باران
تێ بگەن بەگزادەی شێرزاد
نێزیکە بستێنرێ داد
سەرێک هەڵبێنێ لە بانە
زۆر ئازان ڕۆژ ڕۆژی وانە
ببینێ سوێسنی و گەورکان
مەلکەمووتی فارس و تورکان
با بچتە مەڵبەندی مەنگوڕ
کوڕی بەگوڕی عەجەمدڕ
ڕۆڵەی بایزپاشا و باپیر
هەرچی بگری هەم شێر هەم شیر
لە دەشتی شنۆ و لاجانێ
ببێتە هۆی دنەدانێ
چی مامەش و هەرکی و زەرزان
گیان بۆ وڵات دەدەن هەرزان
***
سەر هەڵێنێ لە مهاباد
پاتەختی کۆماری ئازاد
لە جێ دارەکەی چوارچرا
ئەو جێی قازیی پێدا کرا
چەند دڵۆپێک هەڵوەرێنێ
خەو لە چاوان بپەڕێنێ
موژدە بۆ لاوان بنێرێ
نەمامی شۆڕش بدێرێ
بچتە مەڵبەندی شکاکان
جێ ڕاوگەی ئازا و سوارچاکان
کێوی ئاگری داگرێ
ئاگری شۆڕشە و نامرێ
لە ساسۆن و لە چیای مازێ
تۆڵە ئەستاندن بخوازێ
بۆ سەر دەرسیم باداتەوە
خوێنی کوردان بشواتەوە
با گۆلی وان و دەریای ڕەش
بوکڵن وەکوو خوێنی سیاوەش
لەسەر زاگرۆس بگرمێنێ
تورک و عەجەمان بدوێنێ:
***
خۆبگرن، نۆرەمە نۆرە
لە کوێتانە کارم زۆرە!
ئیقبال بمرە بە شاتەوە
وا ڕۆژی تۆڵە هاتەوە
هەتیوەکەی ڕەزا کەچەڵ
دەتنێرمە کن نووری و فەیسەڵ
نەقڵت نەقڵی شای مشکانە
ئەقڵت عەقڵی سەر وشکانە
بۆژۆیە لام چاووڕاوت
دەتۆپی و ناکەومە داوت
ناسیۆنالیسمی موسبەتت
دەیکەم بە سێدارە و پەتت
دنبەگی درۆت دڕاوە
سمایل ئاغام لە بیر ماوە
تۆڵەی هەمزاغای مەنگوڕم
دەستێنم، ورگت دەدڕم
خوێنی قازیت لێ دەستێنم
نیاگانت دەسوتێنم
***
ئێوەش ئەی گجووکی گەماڵاعلام
هاکا هەڵم نان بە تەماڵ
بۆ تۆڵەساندن هەڕەتە
خوێنی کوردان یەک بە سەتە
تۆڵەی شێخ سەعیدی پیران
بە هەزاران شێخ و میران
شێخ قادر و غەوسی سانی
عەبدولسەلامی بارزانی
خوێنی خالیدبەگم دەوێ
ڕۆژی بەختت کەوتە شەوێ
***
ئەو کوردی بێ هێز نەماوم
پشت ئەستوورم ڕوونە چاوم
ڕێوشوێنی خۆم باش دەناسم
بۆتە برام کەریم قاسم!
قاسمێ کە لێو ڕاپەڕی
جەرگی تۆ و ئامریکای بڕی
تۆڵەی گەلی ئەستاندەوە
کورد و عارەبی ژیاندەوە
بوونە دۆستم مۆسکۆ و پەکین
لەگەڵ هێزی گەلان یەکین
***
گەر بارزانی دێتە بیرتان
زۆر ئاو هەڵدەگرێ هەویرتان
بارزانیی تورک و عەجەمکوژ
بارزانی مەرگە بۆ خوێنمژ
بارزانیی شێری کوردستان
گیان بەری، گیان لەسەر دەستان
بارزانیی داڵدەی ئازادی
داسی هەژگەڵی بێدادی
کوتکە لەسەر خوێنمژی کورد
بژی بارزانی، بژی کورد