با وا بێ

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  541 مشاهده

یەکەم کۆمەڵە شیعرێکم سەرەتای ساڵی 1968 چاپ کرد بەناوی «فرمێسک و زەردەخەنە»وە هەنگاوی یەکەمی سەفەرەکەم بوو لە ژیانی شیعردا، دوای ئەو، کۆمەڵە شیعرێکی ترم ئامادە کرد بەناوونیشانی «ناسک» بەئومێدی ئەوەی سەرەتای ساڵی 1974 بە چاپی بگەیەنم. «ناسک» هەر بە شتێک لە هەنگاوی یەکەمم دەژمێردرا. حەزم دەکرد خوێندەوار بزانێ چۆن قۆناغی یەکەمی شیعر دانانم لە دەروازەی خۆگۆڕینێکی نوێ دەدا، بەڵام بەداخەوە «ناسک» لە نێوانی گیرفانی بەتاڵیی من و مەخزەنەکەی چاپخانەی ڕاپەڕین و هەندێ بگرەوبەردەی ناوەڕاستی ساڵی حەفتا و چواردا، ون بوو. بە ونبوونی بەرهەمی شەش ساڵ گریان و پێکەنینی منیش ون بوو، بێ ئەوەی بزانم کەوتە کوێوە.

ئەگەرچی هێشتا دەستم لە دۆزینەوەی نەشوشتووە وەک هەموو دایکێکی منداڵ بزربوو، بەڵام ناچارمام بەشی سێیەمی شیعرەکانم لەم دیوانەدا بخەمە بەردەم خوێندەواران کە ئەم بەشە بە قۆناغی دووەمی ژیانی شیعریم و تەواوکەری هەنگاوی یەکەمم دەژمێردرێن. لە کاتێکدا ئێستا شیعرەکانی قۆناغی سێیەمی شیعریم ئامادەن بۆ چاپ، کەواتە نۆرەی ئەوە هاتووە ئەم شیعرانەی بەردەستت بە هەموو ناتەواوییەکانیانەوە پاڵیان پێوەبنرێ و ڕووناکی ببینن و ببن بە تیشک پێش ئەوەی وەک «ناسک»یان لێ بێ.