وەرە بادی سەبا قوربانت بم وەک برای جانی

از کتاب:
دیوانی ناتیق
اثر:
ناطق (1886-1967)
 4 دقیقه  974 مشاهده
وەرە بادی سەبا قوربانت بم وەک برای جانی
کە ڕۆژی هیممەتە ئەمڕۆ بەناو لوتف و ئینسانی
دەخیلت بم بە خۆشڕەوی بە تەبعیی ئێمە عەینی مەتلەب
لە بازاڕی محبەتدا نەکەی فکری گرانجانی
لە خەڵوەتخانەی خەمدا ئەمەندە مات و مەحزوونم
وەکوو زوڵفی پەری ڕوویان سەری لێدام پەرێشانی
زەمانێکە لە ئەحواڵی خۆشەویستێکم بێ خەبەر ماوم
بە جارێ شیفتەیی کردووم فیراق و دەردی هیجرانی
کەمەر بەستە کوڕانە چاکی داوێنت بە لادا کە
ئەگەر تۆ ساحیبی شەرت و وەفاو و عەهد و پەیمانی
ئەسپابی سەفەر ڕێک خە قوربان دەستم بە دامانت
مەکە سستی بە چوستی بەستە پیتاوی سەفەر ئانی
بە ڕێگەی حەوت خوانی شارەزوورا هەر وەکو ڕۆستەم
ڕەخشی هیممەتت مەردانە بهێنە گەرم و جەولانی
نەبێ چاوت لە هاژەی زەڵم و قاژەی تانجەرۆ و ڕیشێن
سەری خۆیان لەبەرد دەدەن لە ڕێگای جەهل ناوانی
ئەگەر هات زەڵمی زاڵم فکری زوڵمی کرد بە چالاکی
بە تیغی جان ستانی سروەکەت دەربێنە ئیمانی
بە مەغرووری شەپۆلی تانجەرۆ مەنعی عبووری کرد
بە شمشێری شنەت لەت کە دڵی هیچ مەیدە ئامانی
لە ڕیشەی بێنەدەر «ڕیشێن» بە سۆزت یەختە ساری کە
هەتا ماوە نەیبینێ کەی بەچاو سەددی بناوانی
بە چۆڵی بێکەسە بێکەس ئەو ڕۆی ئامان موقەییەد بە
لەناکاو نەک یەخەت بگرن چەتەی بێ ڕەحمی ویژدانی
لە «عەربەت» لا نەدەی نەک بتگەزن دووپشکی زۆر پیسە
سەراپا وەک بزن تووکن هەموو ڕەش ڕەنگی قەترانی
دوو پلکی شاپەلت توند کە لە قوبەی گونبەدی گەردوون
بە تووندی و تیژی تێپەڕکە هاتا شاری سلێمانی
بمێنە ساتێ تێفکرە لە نەزم و وەزعی ناوی شار
حەدیقەی وەک بەهەشت و ناز و عیشوەی حوور و غیلمانی
بە دیققەت سەیری قەسر و قسور و نەخشی شیرینی
تەلاری وەک غەوەرنەق جووت لەگەڵ کەیوان و ئەیوانی
لە وێوە زوو بجوڵێ لەنجەکە تا پردی قلیاسان
ئەبینی ئاوی ساف و عەنعەنەی باخ و گوڵستانی
لایە شەعشەعەی ڕووی گوڵ لەلایە نەغمەیی بولبول
لەلایە چەهچەهەی سوڵسوڵ لەسەر سەرووی خەرامانی
دەمێ فاریغ بنیشە لەو گوڵ و گوڵزارە ڕەنگینە
بە شەوق و زەوقەوە دەم دەم بنۆشە ئاوی حەیوانی
بمێنێ تا بمێنێ گونبەدی گەردوون لە دەورانە
لە وەختی سەخت و بێ وەختا کە تۆ جێگەی ئومێدمانی
لەوێ هەڵسە بەدەربەندا ئەچیتە «چەمچەماڵ» یەکسەر
مەوەستە تا «مەقان» و دەوورەی پێچی «مەلاکانی»
لەوێ مێزەرێک ببەستە بە«کەرکووک» دا ئەڕۆی ئامان
بخوێنە ئەدعییەی حفزت لە فیتنەی چاوی تورکانی
لە هەر لایەک ئەبینی بێچوە تورکانی کەمانداران
ئەپێکن مەل لە ئەوجا ئەو بە غەمزە ئەو بە موژگانی
خودا کردی نەجاتت بوو بە سەلامەت ڕوو بەرەوو «هەولێر»
بە سورعەت تەی بکە چۆڵ و دەشت و سەحرا و بیابانی
لەکاتێکدا بە مەسروور یکە هات داخڵ بە هەولێر بووی
بکە دەورێ بەسەر بازاڕ و جادە و قەیسەری و خانی
لە پاشا ساتێ ئیسراحەت بکە قەلبت تەزووی دەرچێ
بشۆ چاوت لە تۆز و گەردی ڕێ وەک مەردی نوورانی
بە مەشاتەی ئەدەب رووی خۆت جەلا دا عەینی ئاوێنە
ئەدیبانە بچۆرە خزمەتی «گیوی موکریانی»
نەجیب و عاریف و کامیل ئەدیب و شاعیر و فازیل
وەک خورشیدی تابان شوعلە بەخشە نووری عیرفانی
دەرەخشا نوکتەی شیرین و وردیی مەتبەعەی تەبعی
بە نووکی خامەی موشکین ئەنووسێ خەتی ڕەیحانی
لە قەبرا گەر ببینێ نەقشەکەی وێنەیی بەرزیی
ئەکێشێ ئاهی حەزرەت تا قیامەت ئارەزوو مانی
بڵێ ئەو یاری دڵ بێچارەی موشتاقە بە دیدارت
ئەگاتە گونبەندی گەردوون لە دووریت بانگ و ئەفغانی
لەبەر چی چاری ناکەی یادی فکری ئەو جگەر پارە
تاماشاکە لە هیجرانت نە سەر ماوە نە سامانی
لە بەندینخانەیی خەمدا بە ڕۆژ و شەو وەکوو مەحرووم
زەڕەی زنجیری محنەت دێ لە پێیدا میسلی زیندانی
ئەگەر پرسی لە ئەسڵ و سیلسیلەو ناو و لەقەب فەرموو
«کەریم» ئیسم و لەقەب ناتیقتخلص پدەر مەعرووفی وەسمانی