خوا «قەومی نووحی» لە ئاوا خنکاند

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  874 مشاهده
خوا «قەومی نووحی» لە ئاوا خنکاند
«قەومی عاد»یشی بە با هەڵفڕاند
«شەداد» و قەومی ساڵحی شەقی
بە نەعرەی مەلەک زراویان تەقی
ئێمەیش وا لە ژێر بەفرا ڕەق هەڵدێین
نازانین لە دەست غەزەب چۆن هەڵدێین
خۆ «بەغدا»یش دیارە لە ئاو ناترسێ
دەورێکە هیچ کەس لە کەس ناپرسێ
دەوڵەمەند گەمێی لە ناو ئاوایە
لە هەژاری چی؟ دنیا ئاوایە!
«سَآوِی إِلَی جَبَلٍ یَعْصِمُنِی»
هەر ئەوەندە بوو، تا گەییە تینی
ئێستا لە بەفرا کەوتووینە هاوار
خوا دێنینە یاد ئەویش بە ناچار
کە بەهار هات و تێپەڕی زستان
نە بامان دیوە و نە بەفر و باران
دیارە کە مایەی ئینسان، نیسیانە
لە ڕێی خوا لادان تەفرەی شەیتانە
نازانین دنیا بۆ کەس نامێنێ
«عیزرائیل» لە پڕ گیانمان ئەسێنێ
هیچیشمان لەگەڵ خۆمان بۆ نابرێ
دەوڵەت بە مێردی تازەی ژن ئەبڕێ