پارەی پیاوی ڕژد، کە هەڵی ئەگرێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  639 مشاهده
پارەی پیاوی ڕژد، کە هەڵی ئەگرێ
خۆیشی لێی ناخوا هەتاکوو ئەمرێ
شووشەی نوقڵێکە بە سەر ڕەفەوە
تامەتامییە، هەر لە دوورەوە
کە خۆی مرد شووشەیش کەوتۆتە خوارێ
چەکمە بۆر نوقڵی خوای بۆ دەبارێ
میراتگر لە پڕ پارەی دەستکەوێ
ئەیکا بە شڵپە و کەیف هەموو شەوێ!!
خۆزگە مردوەکەی چاوی لێ ئەبوو
ئازاری گۆڕی گرانتر ئەبوو
خۆزگە ماباقی دەوڵەمەندەکان
کە ئەم حاڵەیان ئەدی بە چاوان
ئەم دەردە بۆیان ئەبوو بە عیبرەت
نەیان ئەخستە دوای خۆ، بە حەسرەت
نەک بە سەفاهەت، لە ڕێی خوادا
بەشی فەقیر و هەژاریان ئەدا
خو ئەگەر دوای خۆی میراتگر زۆر بێ
ئەبی بەشی ئەو هەر گۆڕ بە گۆڕ بێ
چونکە ماڵی ئەو میقرۆبی شەڕە
لەگەڵ یەکتردا دەعوایە و گەڕە
ئێستا خۆ پارەی زەکات نەماوە
قەرزی ئایینیان ناوە بە لاوە