یادی ڕابووردوو چەندە دڵگیرە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
758 مشاهده
یادی ڕابووردوو چەندە دڵگیرە
غەم و شادییشی وەک یەک لە بیرە
لە زیندانا بووم کە بمخنکێنن
ئەیانویست گیانم لە لەش دەربێنن
ئێستا جاربەجار دێتەوە بیرم
بە یادێکی خۆش هەڵی ئەبژێرم
چەند جاریش کەوا لە سەرای شادا
سمێڵم بادا بە دڵی شادا
ئێستا هەردووکیان وەک یەک دێنە یاد
ئەمەتە حاڵی دنیای بێ بنیاد
هەرچی ئەبینی وا لە پێش چاوە
کە گووم بوو، خەوە، خەیاڵی خاوە
ئەگەر ئەنجامی ئەمە بزانی
خوت هیلاک ناکەی بۆ دنیای فانی
کە خۆشی و تاڵی هەروا نەمێنێ
ئیتر چیت داوە لە ئەمڕۆ و دوێنێ؟
لە تەنگانەدا هیوای خۆشیت بێ
با بەوە لە خەم فەرامۆشیت بێ
خۆ ئەگەر بێت و قەناعەتکار بی
ڕەزا بە قەزای پەروەردگار بی
لە مەلیک خۆشتر رادەبوێری
دنیا هی تۆیە کە بەرچاو تێری