ئەڵێن سەردەمێ شیعر باو بووە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1037 مشاهده
ئەڵێن سەردەمێ شیعر باو بووە
شاعیر یا بەناو یا بەدناو بووە
هەندێ پادشا شیعری ویستووە
ڕەجای شاعیری زۆر جار بیستووە
ئەڵێن ڕوودەکی لە لای سامانی
لە ئەندازەدا نەبوو سامانی
بە قەسیدەیێک ئەمیری سوار کرد
بە لەشکروە بۆ «بوخارا»ی برد
زۆر شاعیری تر لە برسا مردوون
یا لە زیندانا دوساخیان کردوون
خۆ هێجگار ئێستا شیعر بەڵایە
سەرقەڵەمانەی تف و تێڵایە
جایزەی جاران بووە بە جزیە
دەروونی شاعیر هەر چزەچزیە
نە گوزەرانە نە کار و کەسپە
جەرگ و هەناوی پڕیە لە کسپە
«اثیرالدین»ی ئەومانی ئەڵێ:
کە شاعیرت دی ڕاکە لێی هەڵێ
«ظهیری»یش ئەڵێ: لە دەست شیعر داد
هونەر لە عێراق زۆر عەیبە فریاد
ئەمانە دادیان لە دەست دنیایە
شیعری بە شعوور ئیلهامی خوایە