خۆزگە پێستێکی ئەستوورم ئەبوو
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
858 مشاهده
خۆزگە پێستێکی ئەستوورم ئەبوو
لا ئەستوورەکەم ئەخستە سەر ڕوو
کە بە هیچ تەریق نەبوومایەوە
ئەکەوتمە کایەی ئەم دنیایەوە
پێکەوە دنیا و دینارم ئەبوو
بە دەوڵەمەندی ناوم دەرئەچوو
کە دەوڵەمەند بم کەسیشم نەوێ
خەڵک لە خۆیەوە شوێنم ئەکەوێ
لە هەموو شوێنێک نەوەک لەم شارە
دینار بە مەعنا دنیا و دین ئارە
شای شاعیرانمان وەک مو دەقیقە
هێندە غەدری دی بە سیل و دیقە
هەندێ نامووسیان ئەوێ بە لاتی
حەڵاڵخۆرییە و کەم دەسەڵاتی
لوغەت بە نامووس ئەڵێ مێشوولە
قەدری ئەم دەورە بە پارە و پوولە
خەڵک لە مەعاریف بۆیە ڕا ئەکا
خوێندەوار بێکار بەرد بە با ئەکا
ئەنجامی خوێندن مەئموورییەتە
جێگا نەماوە تەعیین زەحمەتە
خۆ کەسیش ئەمە لێک ناداتەوە
تۆ لە چیت، بڕۆ بە ڕێگاتەوە