هەندێ تەبیعەت کە ئەڵێن: دزە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
888 مشاهده
هەندێ تەبیعەت کە ئەڵێن: دزە
لە وەرگرتنی پیشەی چاک کزە
ئەبینی شوێنێ مەجلیس گیراوە
شیعر و ئادابی ئەدەب لە ناوە
ناتوانێ ساتێ لەوێ بوەستێ
هەر باوێشک ئەدا هەتا هەڵدەستێ
ئەچێ بۆ شوێنێ قوماری لێ بێ
تێ هەڵدەقوتێ هەرچەند بێ جێ بێ
لە ئێوارەوە هەتا نیوەشەو
لە یاری دایە بێ وچان و خەو
خۆ ئەگەر هاتوو ڕووی کردە دۆڕان
بۆی دائەنیشێ تا بەری بەیان
قوماری کافر ئەمەندە خۆشە
ئارەق و ژن و ماڵی لا بۆشە
خواردن و کردن پیاو لێی تێر ئەبێ
تێری لێ ناخوا ئەوی فێر ئەبێ
کە ئەیدۆڕێنێ و پارەی نامێنێ
بە سوێند و تەڵاق وازی لێ دێنێ
هەر ئەمەندەیە تا پارەی چنگ کەوت
مارە بە جاشە تەڵاقی کە کەوت
[قومارچی] و قومار دوو بران هاوپشت
کاتێکت زانی خۆیان دا بە کوشت