هەر لەو ڕۆژەوە دنیا دانراوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
803 مشاهده
هەر لەو ڕۆژەوە دنیا دانراوە
لەسەر تەجرەبە زۆر چشت بێژراوە
یەکێ لەوانە ماڵ و دەوڵەتە
کۆبوونەوەی لای دانا زەحمەتە
زۆر پیاومان دیوە بە فەزڵ و هونەر
لەگەڵ زەمانا بۆی نەچووەتەسەر
ئەوەندەی نەبووە کتێبێ بکڕێ
یا کەوایەکی شیرداخ بدڕێ
ڕوویشی لە پیاوی چرووک نەناوە
وایش ڕێکەوتووە کە برسی ماوە
لە پاش مردنی قەدریان زانیوە
ئینجا بە چاکە ناویان هانیوە
زەمانە وایە لەگەڵ پیاوچاکا
سەریەبڕێ و ڕیشی بە شانە ئەکا
مەشهوورە ئەڵێن «هارونەرەشید»
کاتێ میسری گرت تا پۆرتی سەعید
قولەڕەشێکی دانا بە والی
پەموو چێنرا بوو نیل هات ڕایماڵی
هاواریان بۆ برد زۆریان لێ توند بوو
وتی خوریتان بۆچ نەچاندبوو
گوڵستان ئەمە ئەگێڕێتەوە
هەروا تاریخە و ئەگەڕێتەوە