کە شیرت خستە سەر ئاگری گڕ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
757 مشاهده
کە شیرت خستە سەر ئاگری گڕ
بە جۆش هەڵدەچێ ئەڕژێ کوتووپڕ
هەر قەیماغێک و توێژی لە سەرە
کە نەما ئیتر نابێ بە کەرە
دۆکوڵیویش تێکی نەدەی ئەبزڕکێ
ئاگری بن کایش هیچ دانامرکێ
ئەو کەسەی ئاگر ئەخاتە بن کا
وەبزانە خۆیشی بە دووکەڵ خنکا
فەرموودەی خوایە گوێی لێ ڕاگرە
فیتنە لە کوشتن بە شیددەتترە
هەر منداڵێکی لە دایک ئەبێ
لەسەر فیترەتی ئیسلامی ئەژێ
دوایی دایک و باب دەرسیان دائەدەن
بۆ سەر ئایینی خۆیانی ئەبەن
هەندێکیش کە وا بە گیانێکی پاک
خوڵقاون ئەڕۆن لە ڕێیەکی چاک
بەدکار بە قسەی لووس تەفرەی ئەدا
لەگەڵ خۆی ئەیبا بە ڕێگای بەدا
سا خوا ئاگرێکی وای بەرداتە ماڵ
خۆی و گشت کەسی بن بە کۆی زوخاڵ
ئەوەی کە خوڵقی دڵ ساف ئەگۆڕێ
خوا لە ناوی بات بیخاتە گۆڕێ