کە کار کەوتە دەست تەبیعەت مردوو
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
984 مشاهده
کە کار کەوتە دەست تەبیعەت مردوو
فاتیحە دادەن بۆ ڕۆحی زیندوو
سەرم سوڕماوە لە کردەوەی خوا
زۆر مردوو بەشی زیندووان ئەخوا
هی وایش ئەبینی کە تێهەڵچۆیە
بە بێ لێخوڕین خۆی سەرەڕۆیە
شوێنی وا هەیە کە ئاوی زۆرە
هیچی لێ ناڕوێ زەویەکەی شۆرە
خوا ئەگەر بیدا ئاو و ئەرازی
بیهێنە بەرهەم پێی دەبن ڕازی
ئەویش ئەبینێ مسکین ڕەنج ئەدا
زۆردار نایداتێ بیستی لە سەدا
خوا بۆ ئەویشی تاسەر ناهێڵێ
ئەمرێ و بۆ مێردی ژنی جێدێڵێ
ئەمانە هەموو لە پێش چاومانە
تەماع بۆ چاومان بووە بە تانە
لەو ڕۆژەی کە خوا دنیای داناوە
هەر بەش خوراوی بۆ هەژار ماوە
خوا لەوەو دنیا تۆڵە ئەسێنێ
هەرچی کە کۆن بوو کەڵکی نامێنێ
ڕاستت پێ بڵێم سەبر زۆر تاڵە
خۆ ئەڵێن: سەبری خوا چل ساڵە