وا تێگەیشتم کە ئەم دنیایە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  651 مشاهده
وا تێگەیشتم کە ئەم دنیایە
بەچی ڕاگیرە و سڕی چی تیایە
مریشکێکمان بوو کە هێلکەی ئەکرد
هەر لە خۆیەوە کەوتە قرتەقرت
وتیان مرە کوڵ وا کڕ کەوتووە
خۆیشی ئەم چەندە هێلکەی کردووە
عەلی بنێرە پێنج هێلکە بێنێ
بیخەینە ژێری و جووچک هەڵێنێ
ناردم پێنج هێلکەی تریان بۆ هێنا
خستیانە ژێری و جووچکی هەڵێنا
پاسێکی ئەکرد ئەتگوت بەڵایە
کەس نەی ئەوێرا بچێ بە لایا
تا گەورەی کردن بوون بە کەڵەشێر
لە دایکیان ئەدا و ئەیاننایە ژێر
کەچی ئەو دایکە هەم دیسانەوە
قرتەقرتی بوو لە بۆ نانەوە
ئینجا تێگەییم کە خوا بەزەوی
خستوەتە دڵی خەڵکی سەر زەوی
ئەم کوێرەوەریە و ڕەنجە ئەکێشێ
ئەمەند بۆ منداڵ جەرگی ئەیێشێ
خوا خۆی بە دوژمن ناوی بردووە
دنیای بە ئەولاد ڕاگیر کردووە