«ژوول وەرەن» هەڵسا دنیا بگۆڕێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
824 مشاهده
«ژوول وەرەن» هەڵسا دنیا بگۆڕێ
بەو سەودایەوە گوێی نایە گۆڕێ
بە خەیاڵ تۆپی هێنایە مەیدان
گوللەی بگاتە چەرخی ئاسمان
زەمین هاتە ڕاست خەتی ئیستیوا
بەو گوللە تۆپە بیگێڕێتە دوا
تۆپی خۆی هاویشیت کردی بە هەوا
چەرخی فەلەکی پێ تێک نەدرا
نە دەور گۆڕا نە جەوری زۆردار
بۆمبا و قونبولە زۆرتر کەوتنە کار
بە کەس چاک نابێ «دەنی» ناو ناوە
خوا ئەم جیهانەی وا سروشت داوە
بۆیە لە بەهەشت دەریپەڕاندین
تۆوی دوژمنی لە ناوا چاندین
ئێستا حیزبەکان هاتوونە مەیدان
بە گوێچەپچوڕکێ کەوتوونە تەکان
گوریس کێشەکێ هاتووتە پێشێ
هەر کەسە بۆلای خۆی ڕایدەکێشێ
هەندێ ئەحرارن هەندێ وەتەنی
دیمۆقراتیەکان پێیان پێکەنی
دڕ دەن وا هاتن تیپی دیموقڕات
عەدڵ و موساوات ئەخەنە وڵات