پیاوی ئەم دەورە وەک ڕەنگی بەهار

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  769 مشاهده
پیاوی ئەم دەورە وەک ڕەنگی بەهار
بێ ئیعتیبارە و بێ شەرت و قەرار
هەندێ جار لە خەو هەڵسای بەیانیان
سایەقەی ساماڵ ئاسۆی شین و جوان
کاکڵە هەورێکی پێوە نابینی
ئەچی بۆ سەیران بە بێ تێبینی
لە پڕ ئەیکاتە شەستە ڕەهێڵە
دە ڕاکە و کەس و کار بە جێ بێڵە
ئەڵێن بارانی نیسان شیفایە
بەڵام هەندێ جار تەرزەی لە دوایە
ڕەزی هەژارێک خۆی کە بەر ناگرێ
تەرزە ئەیکوتێ ئەویش بەر ناگرێ
بۆ دەوڵەمەندیش تۆ لە خوا گەڕێ
باران ئاش، وشکان جووتی ئەگەڕێ
زۆردار و زەروو ناویان خوێنمژە
زەروو پاکژە، زۆردار پیاوکوژە
کەر و ئێسترت ئەگەر بەرکەوێ
بە کەر ڕەزا بە ئێسترت نەوێ
کەر بارەبەرە بێ دەنگ و سەدا
ئێستری چەمووش جووتەت لێ ئەدا
ئێستر دووڕەگە بڕوای پێ ناکەم
هی وایشیان هەیە گوێی ناباتە چەرم