شانس بە کوردی «تالعی» ناوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
843 مشاهده
شانس بە کوردی «تالعی» ناوە
لە تەبیعەتی چێرگ خولقاوە
پیاوێ پیاوی دی گورج هەڵدەفڕێ
کەچی لە دەوری کەرێ ئەگەڕێ
زۆری وا هەیە کەر لەو چاکترە
بە مستەجۆیێ بارەبەرترە
ئەو باریش نابا و لەقەیش لێ ئەدا
ڕەخنە ناگیرێ لە کاری خودا
دنیا کە ناوی یایەی گەورەیە
سیاسەتەکەی هەموو تەفرەیە
لە هیچە یەکێ بەرز ئەکاتەوە
ئەیباتە ئەوجی ژوور وڵاتەوە
نازانێ کەوا ئەم سەرخستنە
لەو بەرزییەوە لە پڕ خستنە
هەتا لە بەرزتر بکەوێتە خوارێ
دیارە کە ئەستۆی ئەشکێ بە جارێ
هەندێ چشت هەیە چاکە لە لامان
دوایی لە دەستی دێینە ئەلئەمان
زۆر چشت لە پێشدا خراپ دیارە
کەچی لە پاشا بۆ دیار، یارە
بزانین ئەمجار چۆن ئەبێ بۆمان
ئەوە گۆڕ ئەویش مەیدانێکی پان