بۆ دەستەڵاتی ئەم بنیادەمە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
797 مشاهده
بۆ دەستەڵاتی ئەم بنیادەمە
هەرچی بۆ دانێیت هێشتا هەر کەمە
بە ئاگر سەهۆڵ دێنێتە مەیدان
برووسکەی کردوە بە پەیکی جیهان
لەوپەڕی دنیا واتەیێک ئەکرێ
لەم پەڕی دنیا خەڵک گوێی لێ دەگرێ
گاهـ سڵێمانن لە ڕوی هەوادا
گاهێ یۆنسن لە ناو دەریادا
تا زیاتر عیلم و فەن بێ بە ئاکار
بۆ قەڵاچۆی یەک ئەیهێننە کار
قونبولەی زەڕیە ماوە دەرکەوێ
کەی بێ شارێکی تری بەر کەوێ
هێشتا تێر نەبوون لە یەکتر کوشتن
تازە دۆست لە یەک ئەبن بە دوژمن
با بڵێین ئەوان وا دەوڵەتێکن
خاوەندی سوپا و بە سەروەتێکن
نازانین ئێرە چی لێ قەوماوە
هیچ کەسێ لە سەر ڕێی خۆی نەماوە
لە پایەتەختا ئەحزابە و ئیزراب
لایێ ئۆپەڕا و لە لایێ ڕۆباب
هەر ئیعتیرازە و تەنقیدە و توانج
ناوەستن نانێ برژێ لەسەر ساج