گوێم شل کردبوو چاوم ئەیڕوانی

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  569 مشاهده
گوێم شل کردبوو چاوم ئەیڕوانی
بۆ دەنگ و باسی ڕازی دیوانی
هەر کەس بە ڕەنگێ لە جیهان ئەدوا
ئەیانگوت ڕێکی و ئاشتی دوای شەڕ کوا
ئەڵەمان چاوی لە بەشی زۆر بوو
بە زۆر بوو، بۆیە بە شەڕوشۆڕ بوو
سوێندخواران هاتن بەرهەڵستیان کرد
بە هەر ڕەنگێ بوو وا لەناویان برد
هەموو بەرودوا ئەیانگوت بەین بەین
بۆ ئاسایشی جیهان شەڕ دەکەین
واتەیێکی جوان کەوتبوە سەر دەم
چەند هیوادار بووین بۆ سیلمی عالەم
منیش جار بە جار پێی پێدەکەنیم
ئەمگوت درۆیە بەو هیوایە نیم
چونکو ئەو ڕۆژەی خوا دنیای دانا
ئەم ناکۆکییەی دانا لە بەینا
خوا کە ئادەمی لە بەهەشت دەرکرد
فەرمووی دوژمن بن بە درشت و ورد
قابیل و هابیل لە سەرەتاوە
ئەم کوشتنەیان خستە دونیاوە
هەروا ڕۆییوە هەروەهاش ئەڕوا
بە سیلمی عالەم چۆن بکەم بڕوا