هاوینە و گەرما و میوەگەنانە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  939 مشاهده
هاوینە و گەرما و میوەگەنانە
نیوەی ئەم شارە شەو لە سەربانە
تۆزی ڕەشەبا و چاویەشە و هاوار
سەربانی وێران، پڕ دووپشک و مار
لە هەموو لایێ گریانە و قووڕە
کفر ئەکا پیاوی بێخەوی تووڕە
شەو لە سەربانان کە دەچنە سەراو
ڕۆژ هەڵدەقرچێ بە تینی هەتاو
ئینجا ڕەشەبا ئەو تۆزە دێنێ
وەک عەتر و عەنبەر هەڵیەپرژێنێ
گۆزە و دیزەشمان کە پڕن لە ئاو
ئەو تۆزەی تێچوو ئەبێ بە گوڵاو
هێجگار چەند ماڵێک لەسەر یەک سەربان
چیغێکی تەنک کەوتۆتە بەینیان
گوێیان لە مرقە و پرخەی یەکترە
«تەگە و سابرێنی» بە ئەدەبترە
زۆر جار ڕەشەبا «دەرپێ» ئەفڕێنێ
هی وایشیان هەیە «دەرپێی» نامێنێ
بەم حاڵەیشەوە هێند بەرز ئەفڕین
خۆبەخۆ سەری سەران ئەبڕین
پیاو بێ ئیش بێ شەڕ هەڵدەگیرسێنێ
بێ «دەرپێ» مەندیل لە خەو ئەبینێ