گوێ لە دڵسۆزی شێنەیی مەکە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
835 مشاهده
گوێ لە دڵسۆزی شێنەیی مەکە
پایەی دیوانی بەردی مەحەکە
زۆر دۆستی بێ دەست گیانی گیانییە
کە دەستی ڕۆیی نانی نانییە
ئەوی ئادابی دۆستی ڕاگرێ
کەڵکی وەزیفەی گەورە ناگرێ
چونکوو ئەوانەی کە کۆنەدۆستن
بە هۆی ئەوەوە بە هیوای پۆستن
ناڵێن: ئەم پیاوە ئەمەی پێ ناکرێ
هەر دەڵێن: کەڵکی ئاشنای خۆی ناگرێ
زیانی دۆست و کاردروستی خۆت
ڕەوا مەبینە با بیشلوێ بۆت
کە تۆ ئیشی خۆت لە دۆست سەرئەخەی
پیشەی مەنفەعەت جۆیی دەرئەخەی
کە وابێ حەقی گلەییت نییە
ئەم بڵتوبۆڵەت ئیتر لە چییە؟
ڕۆژێک ئەبینین پیاوی تەماعکار
دەوڵەتەکەی خۆی بۆ نایێتە کار
لە هەموو لایەک بە چەپۆک باران
بۆی دادەبارێ وەک تەرزە و باران
ئەوسا دەزانێ کە دزی و گزی
لێی بووە بە «خۆرە» تا ئێسکی ڕزی