باران ئەبارێ کەچی هەتاوە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1060 مشاهده
باران ئەبارێ کەچی هەتاوە
ئەوە بە کوردی «گورگەزێ»ی ناوە
هەر بێچوە گورگێ، ئەودەمە بزێ
ڕۆڵە لە بەری دایک ئەدزێ
گورگ ساڵێ جارێ مەڕ ئەفڕێنێ
بنیادەم دایم خوێن ئەڕژێنێ
لای ئێمە کوشتن یەکە هونەرە
گورگیش بۆ گیسکێ خوێنی هەدەرە
تووڕەیی و شەڕی «ڕەمەزان» باوە
بە نای ناڕەوا «سەفەر» بەدناوە
هەر یەک قوماشە و قیمەتیان جیایە
هەر سەربانێکە و دوو هەوای تیایە
بە تەقاویتیش ناڵێن ئینسانن
خۆیان لە نەسڵی ئەوان نازانن
ئەوانەی کەوا مونکیری بابن
ئینشەڵڵا هیچیان تەقاویت نابن
جووجەڵە سەری لە هێلکە دەرچوو
کەچی بە دەندووک توێکڵی بەربوو
بە ئێستریان وت: باوکی تۆ کێیە
وتی: ڕەسەنی دایکمم پێیە
ئێستر داری بۆ «نەمروود» کێشاوە
لەبەر ئەوەیە تۆوی بڕاوە
ئێمە وەک شەیتان ئەکەوینە بەین
ئاگری جەهەننەم بۆ یەک خۆش ئەکەین