هەنگ کە لە گوڵ و میوە ئەنیشێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  692 مشاهده
هەنگ کە لە گوڵ و میوە ئەنیشێ
بە مژین مایەی هەنگوین ئەکێشێ
چزۆکەی ژاری تاڵی تێدایە
هەنگوینیش وا خوا فەرمووی شیفایە
ئەمە نموونەی حاڵی دنیایە
شیرینی تاڵی هەر لەگەڵدایە
ئادەمیزادیش زۆرتری وایە
هەر چاکەیەکیان بەدی لە دوایە
هەنگ بۆیە ناوی بە چاکە ئەبرێ
کە پێیەوە دای، ئەو خۆیشی ئەمرێ
کاشکی بەدکاریش وەک ئەو بوایە
کە پێیەوە دای خۆی بمردایە
مار تا لێی نەدەی وەزندی نییە
شێر ئەمان ئەدا و پیشەی مەردییە
بەڵام دووپشک و هەندێ لە ئینسان
لەبەر قین نییە، بووە بە خوویان
ئەڵێن کە شەیتان خراپیان ئەکا
خێر!! شەیتان هێشتر لە دوامان ناکا
ئای بۆ خواپێداو کە لەگەڵ بەدکار
لە جێی خراپە، چاکە بکاتە کار