ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی

از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 2 دقیقه  1004 مشاهده
ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی
شەمعی ڕەخشان وا قبووڵی کرد شوکور پەروانەکەی
ئاسمان حەقیە بەخیل بێت و فڕێدا مانگ و خۆر
لەو دەمەی یار خۆی نواند و هاتە ناو هەیوانەکەی
یار دەریخست ڕوومەتی خۆی، کۆمەڵی عاشق ئیتر
لازمە ئێوە بزانن کەعبەیە سەربانەکەی
حەقیەتی ئەو شۆخە ئیمزا دابنێ: جەللادی دڵ
ئەی دڵ و گیانم فیدایی توڕڕە و عینوانەکەی
وەختی وەسڵە گەهـ بە توندی، گەهـ بە خەندە و پێکەنین
دڵ ئەلاوێنێ چ خۆشە خەندە و گریانەکەی
یار ئەگەر بێت و بڵێ زوححاکی تازەم حەقیەتی
شاهیدن بۆ موددەعای دوو ئەژدەهای سەر شانەکەی
موژدەیە مەجنوون کە لەیلا هاتووە بۆ تەجروبەت
تا بزانێ چۆنە حاڵی عاشق و دێوانەکەی
جەژنە لای عاشق کە مەعشووقەی بە ناز و پێکەنین
دێتە سەیری تا بزانێ، چۆنە قوڕپێوانەکەی
موو لە پەنجەم بێتە دەر گەر دەست ببەم بۆ پیاڵە من
گەر ببێ دەستم کەوێ دوو مەمکی وەک فنجانەکەی
خوێنی چاوی کوردەکانە بۆ وەتەن شیوەن ئەکەن
بۆیە وا لێڵاو و سوورن تانجەرۆ و سیروانەکەی
وەعدەیی دابوو کە دڵ خۆش کا سەراسەر قەومی کورد
حەیفی کرد وا زوو شکاندی وەعدە و پەیمانەکەی
مەزهەب و دینی لە قەبرا لێی بپرسن وا ئەڵێت
خاکی کوردستانە ئەحمەدتخلص مەزهەب و ئیمانەکەی