ئەگەر لە پارەی خەڵکی بپرسیت

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1121 مشاهده
ئەگەر لە پارەی خەڵکی بپرسیت
چاوت تێر نابێ، تا دەمری برسیت
ئەوەی بە چاکەی چاکان نەزانێ
دۆش دادەمێنێ دوایی بۆ نانێ
هەر شوێنێ کە ئاو گرتی ئاوایە
دێمەکار کێڵان ڕەنجی بە بایە
ئاو بۆ خواردنەوە زیندەگی دێنێ
لە وزە دەرچێ پیاو ئەخنکێنێ
هەنگ کە بۆ هەندێ، هەنگوین ئەڕژێنێ
بۆ پیاوی ناعال ژار ئەپڕژێنێ
تا زوقوم نەبێ دەستت ناتەزێ
تا پێی پیا نەنێیت ماریش ناتگەزێ
دەستی دۆستان لە خەنە بگرە
دەستی دوژمنیش ماری پێ بگرە
هەڵاتت نییە بۆیە وا لاتی
حەڵاڵخۆرییە و کەم دەسەڵاتی
ڕەمەزان هەرچەند دیسان دێتەوە
لە کۆڕی «پۆکەر» جێی نابێتەوە
پارەدار ئەڵێ گرانی کێیە؟
چۆلەکەی دەشتێ و بەردی دەشتێیە
ئۆتۆمبێلچی قۆناخ ئەسێنێ
بێدەرپێش، هەر جاو لە خەو ئەبینێ