ئەگەر ئەتەوێ دڵت تەنگ نەبێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  866 مشاهده
ئەگەر ئەتەوێ دڵت تەنگ نەبێ
لە دڵتا مەیلی داوا و جەنگ نەبێ
بە حەق یا ناحەق کە قینت هەستێ
ئەو قینە ڕێگای نەشئەت ئەبەستێ
کە بە گژتا بێن، خۆڕایی نییە
خۆیشت ئەیزانی گوناهت چییە؟
ئەڵبەت تۆ ئەڵێی من خوێندەوارم
بۆ ئیش و کاری میری بەکارم
بەوە ئەتەوێ بەرزی بنوێنی
باقی خەڵکی تر خوار خۆت ببینی
نازانی مەسنەد بە خوێندن نابێ
ئەوە بەکارە کە خوڵقی چا بێ
زۆر «تەحسیل دیدە» ئەسووڕێتەوە
هەیشیانە بێ شێو، سەر ئەنێتەوە
لەو لاوە یەکێ دێت بە چاووڕاو
خۆی ئەچەسپێنێ ئەکەوێتە ناو
ئەبێ ڕاوەستی فەویەی دەرکەوێ
ئەوەیش خۆ «سەبری ئەییوبی» ئەوێ
ئاویش نەماوە بوار بەرکەوێ
تا ڕەش و سپی تێدا دەرکەوێ!
لەو ساوە دنیا بوو بە «پارتیزان»
دەستە لە پێشە زانست، یا نەزان