تیغی جەوهەردار هەرچەندە جوانە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
885 مشاهده
تیغی جەوهەردار هەرچەندە جوانە
جەوهەر ناڕێژێ پێوە چەسپانە
بەڵام جەوهەری ئینسان ئەپڕژێ
بە هۆی ئەوەوە، زۆر خام ئەبرژێ
تیغی جەوهەردار بریندار ئەکا
پیاوی بە جەوهەر زام تیمار ئەکا
پیاوچاک پەل و پۆی ئەکا بە سێبەر
لەو سێبەرەدا کار ئەچێتە سەر
سێبەری داری گوێزی کوێر قورسە
لە ژێر داری «بی» بنوو مەترسە
دار گوێز بە حەوت ساڵ ئینجا بەر ئەگرێ
مێو بە سێ ساڵە لێی ئەخورێ ترێ
کە تۆ ئومێدی نان لە خەڵک ئەکەی
دیارە خزمەتی داری پەڵک ئەکەی
ڕەنج بدەی لەگەڵ پیاوی ناپیاوا
ڕەنجی شانی خۆت ئەدەی بە ئاوا
پێشینان ئەڵێن لە داخ و دەردا
هاتیتە ئەمەی خۆڵ بکەی بە سەردا
خۆڵی بەر قاپیی دەوڵەمەند پێوە
پارە ڕژاوە، ئاڵتوونە پێوە
من ئەڵێم نابێ ئەم ئیشە وابێ
چونکو دەوڵەمەند پارەی گوم نابێ