لە بەفر ساردتر هەناسەی ساردە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  750 مشاهده
لە بەفر ساردتر هەناسەی ساردە
تەقاویت ئەڵێ مەلا، یە، ئاردە
ئەڵێن بانێکە و دوو هەوا، وایە
نازانێ خۆیشی ئەمەی لە دوایە
جاران «ژاپۆن» بوو یاجووج و ماجووج
ئێستا «نەڕنایش» کردوونی بە عووج
بەڵام کە ناوی «بسم اللە»ت هانی
خۆی ڕاناگرێ غوولی یابانی
یاریی ئەم شەڕە بووە بە «واغێن»
کە «کایە» کوێر بوو ئەبێ بە تێچێن
هەر تێوە ئەدەن هەتاکوو هەڵدێ
ئینجا ئەستێرەی عەداڵەت هەڵدێ
پیرێژنی «چەرخ» عاشوورای لێنا
لە هەموو قەومێ گۆشتی بۆ هێنا
خەڵک بڕایەوە، شەڕ نابڕێتەوە
ئاگری «هیتلەر» ناکوژێتەوە
لە جەژنا دوژمن ئاشت ئەبێتەوە
دوو جەژن یەک کەوت، شەڕ نابڕێتەوە
ئەیانگوت «جەجاڵ» وەک بەندوباوە
من باوەڕم کرد «جەجاڵ» هەڵساوە
مەگەر بە «مەهدی» چاک بێ ئەم حاڵە
زاڵم خۆت بگرە وادەی زەواڵە