منداڵ لە زگی دایکیا خوێن ئەخوا

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  981 مشاهده
منداڵ لە زگی دایکیا خوێن ئەخوا
کە هاتە دنیا ئاوڵە دەرئەدا
ئای ئەوەی خوێنی خەڵکی ئەمژێ
نازانم ئاوڵە بۆچی نایکوژێ
تەماع سوێراوە، وەک ئاو دەنوێنێ
تا بیخۆیتەوە تینوێتی دێنێ
بۆ هەندێ سوێراو ئەبێ بە هەنگوین
تەماعکارەکان وا زۆرتر ئەژین
سەری کەر کرا، بە ڕەشی گاوە
لەم دنیایەدا، پرسین نەماوە
ئەگینە سەلکێ شێلم و چەوەنەر
گەییە ڕادەیەک لە وزە بەدەر
لە «قەڵاچوالان» زەمانی پێشوو
بۆ عیبرەت کێلی قەبریان نووسیبوو
مەنێکی گەنم بەدوو جلق ئەدرێ
وای لەوەی ماڵی پێ بەخێو ئەکرێ
بەفری ئاسمان، بۆمبای سەرزەمین
«خام»یش" گرانە، بێ کفن ئەمرین
هەژار ئەناڵێ بە گیانەڵاوە
خوایە هیوامان هەر لای تۆ ماوە
بە دارگرانی دارمان بۆ کڕا
پەژارەی «هیتلەر» لەناو دەربڕا