کاتێ شیرازەی کتێبێ شێوا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1009 مشاهده
کاتێ شیرازەی کتێبێ شێوا
هەر پەڕەیەکی بۆ شوێنێ ئەڕوا
چەند جۆگە ئاوێ یەکتر بگرێ
«سەددی چین»یش بێ بەری ناگرێ
کە لغاوت دا بە دەم ئەسپەوە
سەردەنێ بە ڕێی چاڵ و کۆسپەوە
تۆ ڕێ لە بەدکار ببەستە، بەستە
ئەڵێن خەر بەستە، خاوەنی ڕەستە
بۆ ڕێی پیاوەتی بەخشین مەبەستە
بەڵێ دەمی سەگ بە لوقمە بەستە
تۆ ئەخۆی برسی چاوی تێوەیە
برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە
کە دوو کەڵەشێر هاتنە شەڕ کردن
بۆ منداڵێکیش ئاسانە گرتن
بەردی سەرشکێن کە لە یەک بدرێن
بەرگەی یەک ناگرن، زوو هەڵئەوەرێن
ئەمانە پەندی قەومی خۆشبەختە
نەگبەت ڕووی کردە قەومێک سەرسەختە
کە خوا بیەوێ نەخۆشێ بمرێ
«ئەفلاتوون» بێنە چاری پێ ناکرێ
کە بەختت نەبێ ئەبێ قوڕ پێوی
هەر بڵێ ڕەحمەت لەوەی کە ڕۆیی